ئیتاڵیا بۆ دوورخستنەوەی گەنجان لە بیری توندڕەوی خەڵاتیان دەكات

 ئیتاڵیا بۆ دوورخستنەوەی گەنجان لە بیری توندڕەوی خەڵاتیان دەكات
حكوومەتی ئیتاڵیا بەمدواییانە بڕیاری داوە، بە مەبەستی دوورخستنەوەی گەنجەكانی وڵاتەكەی لە بیری توندڕەوی و ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریزم، بیری 500 یۆرۆ (566 دۆلار) بدات بەو گەنجانەی تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ، بۆ ئەوە لە جێژنی لەدایكبوونیاندا خەرجی بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی (دەنگی ئەمەریكا)، بیرۆكەی (وەڵامی كولتووری بە تیرۆریزم)، بۆ یەكەمین جار 15ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، دوای ھێرشە تیرۆریستییەکەی پاریس ھاتە ئاراوە و بڕیارە لە 15 تشرینی دووەمی ئەمساڵ جێبەجێ بكرێت، ئەو بڕیارە نزیكەی 575 ھەزار گەنج لە ئیتاڵیا دەگرێتەوە كە لە چەند ساڵی داھاتوودا تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ.

ماتیو ڕینزی، سەرۆكی حكوومەتی ئیتاڵیا، دوای ھێرشە تیرۆریستییەكەی پاریس ڕای گەیاند، تیرۆریستەكان بیر لە ترساندن و تۆقاندن دەكەنەوە، بەڵام وەڵامی ئێمە ڕۆشنبیرانەیە، ئەوان ھونەر دەكوژن، ئێمە ئەڤینداری ھونەرین، ئەوان كتێب دەسووتێنن، ئێمە لە وڵاتی كتێبخانەكان دەژین".

حكوومەتی ئیتاڵیا ھیوادارە، بتوانێت بە خەڵاتكردنی گەنجەكان، ئەوان لە بیری توندڕەوی دوور بكاتەوە، ئەو پڕۆژەیەش لە ئیتالیا بڕی 325 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.











باسنيوز
Top