ژمارەی قوربانی بومەلەرزەی ئیتالیا گەیشتە ٢٦٨ کەس

ژمارەی قوربانی بومەلەرزەی ئیتالیا گەیشتە ٢٦٨ کەس
دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر بومەلەرزەکەی ناوەڕاستی ئیتالیا، هیواکان بۆ ڕزگارکردنی خەڵکانی زیندوو بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، لەکاتێکدا کە ژمارەی قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٦٨ کەس.

سەرۆکی شارەوانی ناوچەکە ڕایگەیاند، تا ئێستاش ١٥ کەس بێسەروشوێن کە ژمارەیەکیان منداڵن، ئاماژەی بەوەشکرد مەگەر بە موعجیزە کەسێک بە زیندووی مابێت، بەڵام ئەوان تا ئێستاش لە ڕێگەی تیمە فریاگوزارییەکانەوە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی کەسانی بێسەروشوێن لە شوێنی بومەلەرزەکە.

بڕیاریشە حکومەتی ئیتالیا لە شارۆچکەی ئاسکۆلی بیتشینۆ، ڕێوڕەسمێکی تایبەت ڕێکبخات بۆ بەخاکسپاردنی ٤٠ کەس لە قوربانیانی بومەلەرزەکە و، وەک ماتەمینیش ئاڵای ئیتالیا لەسەرجەم فەرمانگە و شوێنە گشتییەکان دادەگیرێت.

سەرچاوە تەندروستییەکانی ئیتالیا بڵاویانکردەوە، تا ئێستاش نزیکەی ٤٠٠ هاووڵاتی لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و لەو ژمارەیەش ٤٠ کەسیان مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

بومەلەرزەکەی ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوو ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ کە گورەکەی ٦.٢ دوو پلە بووە لەسەر پێوەری ڕێختەر، بەبەهێزترین بومەلەرزە دادەنرێت کە لە ئیتالیا ڕویدابێت لە دوای بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠٠٩ کە بەهۆیەوە دوو هەزار و ٥٠٠ کەس بوونە قوربانی.
Top