ئێران: دەبوایە تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر جرابلۆس هەماهەنگیى لە سوریادا بکردایە

 	ئێران: دەبوایە تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر جرابلۆس هەماهەنگیى لە سوریادا بکردایە
حکومەتى ئێران لەبارەى هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جرابلۆس ڕایگەیاند، دەبوایە حکومەتى تورکیا بۆ هێرشەکەى سەر جرابلۆس هەماهەنگیى لەگەڵ حکومەتى ناوەندیى سوریادا بکردایە.

ئاژانسى هەواڵی سپۆتنیک ئەمڕۆ ٢٦ى ئابی ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، حکومەتى ئێران لە دواى دوو ڕۆژ لە هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جرابلۆس بێدەنگیى شکاند و بەهرام قاسمى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، پێویستە ئەو ئۆپراسیۆنانەى کە لە ناو خاکى سوریادا ئەنجام دەدەرێن، بە هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى سوریادا ئەنجام بدرێن.

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ئاماژەى بەوەشکرد "تێکۆشان لە دژى تیرۆریزم لە ناو خاکى سوریادا پشتبەستووە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەڵام پێویستە ڕێز لە یەکگرتوویى دەسەڵاتى ئەو وڵاتە بگیردرێت و لەگەڵ بەڕێوەبەرانى دەسەڵاتى ناوەندیدا هەماهەنگى بۆ ئەو ئۆپراسیۆنانە بکرێت".

بەهرام قاسمى ئەوەشى ڕاگەیاند "ئێمە وەک حکومەتى ئێران لەو بڕوایەداین تێکۆشان لە دژى تیرۆریزم بە مافێکى نێودەوڵەتییە و پێویستیشە هەموو دەوڵەتانى ناوچەکە لە دژى ئەو ڕووداوە قێزەونانە بە هەماهەنگى بجوڵێنەوە".

پێشهاتەکانى هێرشى تورکیا بۆ سەر جرابلۆسى ڕۆژئاواى کوردستان

هێزە تایبەتەکانى تورکیا ڕۆژی ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ هێرشیان کردە سەر جرابلۆس لە ڕۆژئاواى کوردستان. ئەفگان ئالا وەزیرى ناوخۆی تورکیا لە بارەى هۆکارى هێرشى سوپاى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواىکوردستان ڕایگەیاند، ئامانجی ئۆپراسیۆنى جەرابلوس بۆ پاراستنى سەروەرى سوریایە. ئەفگان ڕاشیگەیاند "لەماوەیەکی کورتدا سنوورەکانمان لەگەڵ سوریا لە تیرۆریستان پاک دەکەینەوە".

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ لێدانی پەیەدە و داعشە لە سوریا. وتیشی "دەمانەوێت سنوورێک دابنێین بۆ ئەو هەڕەشانەى لەسەر سنوورى سوریاوە دەکرێنە سەر تورکیا".

هەر ڕۆژی ٢٤ى ئاب ساڵح موسلیم هاوسەرۆکى پارتى یەکێتى دیموکراتى (پەیەدە) ڕایگەیاند، تورکیا هاوشێوەی داعش لە گۆماوی سوریادا دەخنکێت. موسلیم ڕاشیگەیاند "هێزەکانی سوریای دیموکراتی و ئەنجوومەنی سەربازیی جەرابلوس دژی سوپای تورکیا دەوەستنەوە".

دوابەدواى ئەوەش یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە)، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستێوەردانى تورکیا لە سوریا دەستدرێژییەکى دوژمنکارانەیە.

لەبەردەوامیى کاردانەوەکان بەرامبەر بە هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جرابلۆس، حکومەتی سوریا ڕایگەیاندووە، تورکیا سەروەری خاکی وڵاتەکەیانی پێشێل کردووە و ئەوەی ئێستا لە جەرابلوس ڕوودەدات تێکشکاندندی تیرۆر نییە، بەڵکو گواستنەوەی تیرۆرە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری سوریا.

هاوکات پێشتریش نوسینگەی سەرۆک وەزیری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکەی جەرابلوس بە هاوکاری هاوپەیمانی دژی داعش ئەنجام دەدرێت و بەرپرسێکی ئەمەریکیش بە ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە، کە ئەمەریکا پاڵپشتی ئەو ئۆپراسیۆنە دەکات.

هەر ڕۆژی ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ جۆ بایدن جێگرى باراک ئۆباماى سەرۆکى ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا لە ئەنقەرە لەگەڵ بینالى یەڵدرم سەرۆک وەزیرانى تورکیا ڕایگەیاند "دەبێت هێزەکانى سوریاى دیموکراتی بکشێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتى ڕوبارى فورات، ئەمەریکا شانبەشانى تورکیا کاردەکات بۆ پاککردنەوەى سوریا لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان".

ئێوارەى ئەو ڕۆژەش شارى جرابلۆس و نۆ گوند لەلایەن سوپاى تورکیا و سوپاى سوریاى ئازادەوە کۆنتڕۆڵکرا. سوپاى تورکیا بە قوڵایى ١٠ کیلۆمەتر و پانایى ١٣ کیلۆمەتر لە خاکى ڕۆژئاواى کوردستانى لە نێوان کانتۆنى عفرین و کۆبانێ کۆنتڕۆڵکردووە.

بەهۆى هێرش و بۆردومان و تۆپبارانکردنەکانى سوپاى تورکیاوە ٤٩ هاووڵاتیى جرابلۆس و گوندەکانى دەرووبەرى شەهید بوون.

دوابەدواى ئەوەش گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا شەوى ٢٤ى ئاب هێرشیان کردە سەر سنوورەکانى باشوورى جرابلۆس و باکوورى منبج کە لە کۆنتڕۆڵى شەڕڤاناندایە و شەڕڤانان لە دواى بەرەنگاریى هێرشى ئەو گروپە چەکدارانە شکستى بە هێرشەکەیان هێنا.

هاوکات حەنیفە حسێن ئەندامى دەستەى بەڕیوەبەریى تەڤدەم لەبارەى هێرشەکەى تورکیاوە ڕایگەیاندبوو، ئامانجى تورکیا جگە لە جرابلۆس، داگیرکردنى عفرین و حەڵەبە.

هەروەها ئاڵدار خەلیل ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى تەڤدەم لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، هێرشەکەى تورکیا لە دژى سیتسمى فیدڕاڵى دیموکراتیى ڕۆژئاوایە.

ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرشەکەى تورکیاى بۆ سەر جرابلۆس ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، تورکیا و داعش یەکێکن و سوریا پارچە دەکەن.

لە بەردەوامیى کاردانەوەکاندا بەرامبەر بە هێرشى تورکیا بۆ سەر جرابلۆس وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا شەوى ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، هێرشەکەى تورکیا بۆ جرابلۆس ناکۆکى زیاتر دەکات و دەبێت لەگەڵ کورددا دیالۆگ بکرێت.

هەروەها ڕۆژى ٢٦ى ئابی ٢٠١٦ جەنەڕاڵ لیۆنید ئیڤاشۆڤ سەرۆکى ئەکادیمیاى کێشە جیۆپۆلۆتییەکانى حکومەتى ڕووسیا لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانە، کە میدیاکانى تورکیا کە باس لەوە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر جرابلۆس هەماهەنگى لە نێوان ڤلادمیر پوتین سەرۆکى ڕووسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیادا هەبووە، دوورن لە ڕاستییەوە.

جرابلۆس لە ڕۆژئاواى کوردستان لە سەر سنوورى تورکیا لە نێوان کانتۆنەکانى کۆبانێ و عفریدایە و ماوەى دوو ساڵە لە کۆنتڕۆڵى چەکدارەکانى داعشدایە. لە ماوەى ئەو دوو ساڵەدا تورکیا هیچ هێرشێکى لە دژى داعش لە جرابلۆس ئەنجام نەداوە. لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا میدیاکان بڵاویانکردەوە، گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا خۆیان ئامادە کردووە بۆ هێرشکردنە سەر جرابلۆس.

ئەم ئۆپراسیۆنەی تورکیا لە جەرابلوس بەدەر لەوەی کە بۆ تێکشکانی داعشە لەو شارۆچکەیە، مەبەست لێی وەستانی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتییە، کە یەپەگە زۆرینەی پێکدەهێنێت و تورکیا دەیەوێت بەم ئۆپراسیۆنە ڕێگە لە یەپەگە بگرێت تاوەکو جەرابلوس کۆنتڕۆڵ نەکات.
Top