تونس وێنەی داڕێژەری پلانی هێرشکردنە سەر سووسەی بڵاوکردەوە

تونس وێنەی داڕێژەری پلانی هێرشکردنە سەر سووسەی بڵاوکردەوە
وەزارەتی ناوخۆی تونس وێنەی ئەندامێکی رێکخراوی داعشی بە ناوی ( شمس الدین سندی) بڵاوکردەوە، کە گوایە یەکێکە لە کەسە ترسناکەکانی نێو رێکخراوەکە لە تونس و، پەیوەندی بە هەردوو هێرشەکەی سەر ئەو وڵاتەوە هەیە.

رۆژی پێنجشەممە 2 ی تەمموزی 2015 ، وەزارەتی ناوخۆی تونس وێنەی یەکێک لە ئەندامانی رێکخراوی داعشی لە تونس بە ناوی ( شمس الدین سندی) بڵاوکردەوە، داواشی لە هاووڵاتیانی تونس کرد هەر زانیارییەکیان سەبارەت بە شوێنی ئەو کەسە هەیە، راستەوخۆ پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانەوە بکەن.

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، " سندی پەیوەندی راستەوخۆی بە هەردوو هێرشە تیرۆریستییەکەی مۆزەخانەی باردۆ و سووسەی گەشتیارییەوە هەیە و داڕێژەری پلانی هێرشکردنەکە بووە". داواشی لە هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیانی تونس کرد، لە کاتی هەبوونی هەر زانیارییەک سەبارەت بە سندی پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانی تونسەوە بکەن.

رۆژی هەینی 27ی حوزەیرانی 2015، کەسێکی سەر بە رێکخراوی داعش بەچەک هێرشی کردە سەر گەشتیارانی قەراخ دەریای هۆتێل ئێمپریال ریۆ لە سووسەی گەشتیاری وڵاتی تونس، لەئاکامدا 38 کەس کوژران، لەنێو کوژراوەکانیشدا 30 کەسیان بەریتانی، 3 کەسی دیکەی ئێرلەندی، دوو ئەڵمانی، کەسێکی بەلجیکی و یەکێکی دیکەی پورتوگالی، لەگەڵ کەسێکی بەرەگەز رووسی هەبوون.





















رووداو
Top