بەشێکی هاونیشتمانییان بۆ دابەزاندنی کێش پەیڕەوی لە رێجیمی کیتۆ دەکەن

بەشێکی هاونیشتمانییان بۆ دابەزاندنی کێش پەیڕەوی لە رێجیمی کیتۆ دەکەن
تەندروستبوون و لەشڕێکی ئارەزووی هەموو کەسێکە، بەڵام هەندێک جار بەهۆی خواردنی زۆر و نادروستەوە هاوسەنگیی کێش و تەندروستی تێکدەچێت و پەنا بۆ رێجیمە جیاوازەکان دەبرێت. لە هەرێمی کوردستانیش بەشیک لە هاونیشتمانییان بۆ دابەزاندنی کێشی زیادەی لەشیان پەیڕەوی لە رێجیمی کیتۆ دەکەن.

ژیار یەکێکە لەو کەسانەی کە بۆ دابەزینی کێشی رجیمی کیتۆی بەکار هێناوە. پار لە ماوەی سێ مانگدا 19 کیلۆ کێشی دابەزاندووە. بۆ ئەو دابەزینی کێش لە ماوەیەکی کورتدا هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو رێجیمە بووە.

ژیار قەرەداخی، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "ئەمە دووەم جارمە ئەم رێجیمە دەکەم. لە جاری دووەمدا لە 50 رۆژدا نزیکەی شەش کیلۆم دابەزاندووە. ئەمە رێجیمێکی خۆشە، چونکە ئەو خواردنە خۆشانەی خەڵک نەوسی بۆیان دەجووڵێت، وەکو گۆشت و مریشک و ماسی، هەمووی تێدایە".

جیا لە دابەزینی کێش، چارەسەرکردنی شەکرەی جۆری دوو و رێگریکردن لە شێرپەنجە لە سوودەکانی ئەم رێجیمەن، بەڵام لە هەمانکاتدا کەمبوونی ئاوی جەستە و دروستکردنی بەردی گورچیلە وچەوربوونی جگەر لە زیانەکانیشین.

دکتور شیروان نانەکەلی، پسپۆڕی فیسیۆلۆجی راگەیاند، "هەرکەسێک بڕیاردەدات رێجیمی کیتۆ بەکار بهێنێت، دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆر بکات بۆ ئەوەی رێنماییەکانی پێبڵێت کە چۆن دەستپێبکات و چۆن بەردەوام بێت و کەی کۆتایی پێ بهێنێت و بە چ مەبەستێک رێجیم دەکات".

ساڵانە نزیکەی 11 ملیۆن کەس بەهۆی خواردنی نادروست و لێکەوتەکانیەوە گیان لەدەستدەدەن. رێجیمی خۆارک یەک لەو رێکارانەیە کە کاریگەریی لەسەر جۆری خواردنی دروست دادەنێت، بەڵام بە مەرجێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و بە شێوەیەکی زانستی لەژێر چاودێریی پزیشکدا بێت.













رووداو
Top