نهێنی کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا لە ژاپۆن جیهانی سەرسام کردووە

نهێنی کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا لە ژاپۆن جیهانی سەرسام کردووە
ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی قەدەغەی هاتووچۆی رانەگەیاند، رێکارەکانی نەکردە زۆرەملێ و سنوورەکانی دانەخست، کەچی ژمارەی حاڵەت و گیان لەدەستدان تێیدا زۆر کەمە.

لە ئەمەریکا، زیاد لە سێ ملیۆن حاڵەت هەیە و 133 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە ژاپۆن 20 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 977 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ژاپۆن زۆرترین رێژەی خەڵکی بەتەمەنی هەیە.

ژاپۆن تەنانەت گوێی بە رێنمایی رێکخراوی تەندروستیش نەدا کە باسی لەوە دەکرد، دەبێت پشکنینی بەردەوام بکرێت.

ئایا ژاپۆن تایبەتە؟

تارۆ ئاسۆ، جێگری سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دەڵێت، ئەمە پەیوەندی بە کوالیتی باڵای ئێمەوە هەیە، ئەمە پەیوەندی بە "میندۆوە" هەیە.

میندۆ واتە ئاستی خەڵک و هەندێک جاریش بە ئاستی کولتووری پێناسە دەکرێت، ژاپۆنییەکان لە کۆندا ئەو وشەیان بۆ نیشاندانی باڵا نەژادی و کولتووری خۆیان بەکارهێناوە.

ئایا خەڵکی ژاپۆن خاوەن سیستەمێکی بەرگری تایبەتن؟

تاتسوشیکۆ کۆداما، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی تۆکیۆ، کە توێژینەوە لەسەر کاردانەوەی نەخۆشەکان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، پێی وایە خەڵکی ژاپۆن رەنگە کۆرۆنا، یان جۆرێکی نزیک لە کۆرۆنایان گرتبێت، ئەمەش بەرگرییەکی مێژوویی بۆ دروستکردوون.

روونیدەکاتەوە، دوو جۆر بەرگری لە مرۆڤدا هەیە، کە بە ئای جی ئێم و ئای جی جی ناسراون. ئای جی ئێم زۆرجار سەرەتا دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر کەسەکە بەرگری هەبێت، سەرەتا ئای جی جی دەردەکەوێت.

دەشڵێت، لە نەخۆشەکانم تووشی سەرسوڕمان بووم کاتێک بینیم، بەرگری زۆرینەیان بەجۆرێک بوو وەک ئەوەی پێشتر تووشبووبن.

هەروەها کازوکی ژیندای، پزیشک لە زانکۆی کیۆتۆ دەڵێت، دوو هۆکاری دیکەش هەن، یەکێکیان ئەوەیە، ئێمە زۆر زوو زانیمان هەناسەدانی قورس و زۆر، دەبێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، بۆیە زانیمان شوێنی گۆرانی وتن، ئاهەنگ، یانەکانی شەوانە، گفتوگۆی ناو باڕەکان و هۆڵەکانی لەشجوانی زۆر مەترسیدارن بۆ بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە.

هەروەها ئەوەشمان زانی، کە 80% نەخۆشەکانی ئێرە، توانای گواستنەوەی کۆرۆنایان نەبوو بۆ کەسێکی دیکە.

گوێگری خەڵک:

لەگەڵ ئەوەی لە کولتووری ژاپۆن، ماچ و باوەشکردن زۆر کەمە، خەڵکەکە تەواو رێنماییەکانیان جێبەجێدەکرد.

ئەگەرچی حکومەت رێکارەکانی راگەیاند، بەڵام نەیکردنە زۆرەملێ، بەڵام خەڵکەکە بە تەواوی پابەندبوون، ئەمەش کاریگەی زۆری هەبوو لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.

دەبێت ئەوەش بڵێین بەکارهێنانی ماسک لای خەڵکی ژاپۆن باوە، هەروەها نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە، لە وەڵامدانەوەی ڤایرۆس و بەکتریاکان، ئەزموونی باشیان هەیە.








K24
Top