توێژەرێکی ئەمریکی: عەللاوی هەژموونی ئێران لە عێراق زیاد دەکات

 توێژەرێکی ئەمریکی: عەللاوی هەژموونی ئێران لە عێراق زیاد دەکات


توێژەرێکی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، کە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو هەژموونی ئێران لە عێراق، زیاد دەکات.

جۆن حەنا، توێژەری ئەمریکی، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆرج بوشی کوڕ جێگری راوێژکای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بوو، لە راپۆرتێکدا، کە لە گۆڤاری (فۆرێین پۆلیسی) بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەیەک خاڵی بۆ لادانی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق، دەستنیشان کردووە.

جۆن حەنا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە محەمەد عەللاویی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق هەژموونی ئێران بەسەر وڵاتەکەی زیاد دەکات و هیچ هەلێک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا ناڕەخسێنێت.

خاڵەکان:

- پشتیوانی نەکردن لە محەمەد عەللاوی لە پێکهێنانی حکوومەتەکەی.

- پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندەرانی عێراق.

- نیشاندانی ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێتە سەر خۆپیشاندەران، کە گرووپەکانی سەر بە ئێران جێبەجێی دەکەن.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.





باسنيوز
Top