وەزارەتی دەرەوەی شانشینی بەحرێن :پاڵپشتیی بۆردومانکردنی حەشدی شەعبی دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی شانشینی بەحرێن :پاڵپشتیی بۆردومانکردنی حەشدی شەعبی دەکەین


وڵاتێکی عەرەبی پاڵپشتیی بۆردومانکردنی بنکە و بارەهگاکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 30-12-2019، وەزارەتی دەرەوەی شانشینی بەحرێن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پاڵپشتیی بۆردومانەکەی سەر بارەگاکانی میلیشیای حزبوڵڵا دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بۆردومانەکە بەهۆی تاوانەکانی حەشدی شەعبییەوە ئەنجام دراوە.

بەحرێن وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە سەر کەنداوی عەرەبی. ژمارەی دانیشتووانی بەحرێن بەپێی ئاماری 2010 یەک ملیۆن و 234 هەزار کەسە، کە 666 هەزار کەسیان بێگانەن و لەو وڵاتە دەژین.

شەوی یەکشەممە 29-12-2019، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی پێنج بارەگای میلیشیای حزبوڵڵایان بۆردومان کرد، کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێی وایە بارەگای سەرکردایەتی و کۆگای چەک و تەقەمەنیی ئەو میلیشیایە بوون.

لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا، کە دوای مووشەکبارانکردنی سەربازگەیەکی ئەمریکا لە کەرکووک کرایە سەر حەشدی شەعبی، لانی کەم 25 چەکداری ئەو میلیشیایە کوژراون و 51 دیکەش بریندار بوون.

شەوی هەینی 27-12-2019، ژمارەیەک گوللەهاون ئاراستەی سەربازگەی کەی وەن کران، کە سوپای ئەمریکا و هێزێکی دژەتیرۆری عێراقی تێدا جێگیر کراوە.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.

چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.







باسنیوز
Top