چەند زانیاریەک دەربارەی نەخۆشی دەردە ڕێوی

چەند زانیاریەک دەربارەی نەخۆشی دەردە ڕێوی
خەندان بە ئامانجی پێدانی زانیاری دروست بە وەرگرانی، هەماهەنگی دەکات لەگەڵ چەندین دکتۆری پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکاندا دەکات، لەم چوار چێوەیە "دکتۆر سامان لاوە شەریف" پسپۆڕی نەخۆشیەکانی پێست تایبەت بە خەندان ئەم زانیاریانەی لەسەر نەخۆشی دەردە ڕێوی نووسیوە.

دەردە ڕێوی بریتیە لە رووتانەوەی موو بەشێوەیەکی تەواو لە یەک یان زیاتر لە بەشێکی پێست، کە ڕەنگە بەشێوەیەکی هێلکەی یان هەر شێوەیەکی تر، مووی سەر یان برۆ یان ڕیش یان برژانگ یان هەر بەشێکی تری لەش بڕوتێتەوە، کە قەبارەکەی 1-5 سم دەبێت.

ئەم حالەتە زیاتر کار دەکاتە سەر مووە رەشەکان و مووی خۆلەمیشی درەنگتر دەڕوتێنێتەوە، بەڵام مووی سپی بە دەگمەن دەڕوتێتەوە.

جۆرەکانی نەخۆشی دەردە رێوی؟

1-دەردە رێوی جێیی، برتییە لە بوونی یەک یان چەند پارچەیەک (بەلەک).

2-دەردە رێوی سەرتاپای، مووی هەموو سەر دەڕوتێنێتەوە لەم جۆرەدا.

3-دەردە رێوی سەرجەمی، مووی هەموو لەش دەڕوتێنێتەوە.

4-دەردە رێوی چێوەی، سەرەمووی چواردەوری خوارەوەی سەر دەڕوتێنێتەوە.

یێستی سەر یان شوێنێک کە تووشی دەردە رێوی دەبێت هیچ گۆرانکاریەکی بەسەردا نایەت، تەنها ئەوەیە کە لەو پارچەیەدا مووی گەشەکەر بە کتوپری پێش وەخت دەچێتە قۆناغی پشوودان و هەڵدەوەریت و لە لێواری پارچەی رووتاوەدا چەند موویەک وەک نیشانەی سەرسورمان (‌‌‌علامە التعجب) دەبینریت، کە کورتن و بەشی سەرەوەیان رەش و ئەستوورە بەشی خوارەوەیان باریک و بێرەنگە.

هۆکارەکانی دروستبوونی دەردە ڕێوی:

هۆکاری سەرەکی نەزانراوە، بەڵام ڕەنگە بەهۆی ناساغی بەرگری لەشەوە بێت، یان نەخۆشیەکی تری هەبێت و بەرگری لەشی لاواز کردبێت وەکو بەڵەکی، نەخۆشی ملە مۆرتەگاندن، بیرۆی جێگۆراو، کۆنیشانەی داون، گورگە سورەی و نەخۆشی شەکرە، بەڕێژەی لە %25 دەگەڕێتەوە بۆ بۆماوەیی.

چارەسەر:

لەخۆوە چاکبوونەوە زۆر باوە لە بەر ئەوەی دەکرێت بێ چارەسەر جێبهێلرێت، روونکردنەوەی نەخۆشییەکە و رەچاوکردنی باری دەروونی نەخۆشەکە زۆر گرنگە، یان لەڕێگەی چارەسەری پزیشکیەوە چارەسەر دەکرێت.

Top