ئەو خواردنانەی دەبنە هۆی دروستبوونی زیپکە

ئەو خواردنانەی دەبنە هۆی دروستبوونی زیپکە
زیپکە کێشەیەکی بەربڵاوە کە بەزۆری لە سەردەمی هەرزەکاریدا دەردەکەوێت و هیچ مەترسییەکی نییە بۆ سەر تەندرووستی مرۆڤ، بەڵام هەندێک جار سیماییەکی ناشرینی هەیە و لە دوای خۆی شوێن بەجێدێڵێت، هۆکار و ژمارە و جۆری زیپکە دەکرێ جیاواز بێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر.

زۆرجار گەنجان پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی دەرمانی جۆراوجۆر بۆ نەهێشتنی زیپکە، بەڵام هەندێک جار ئەو دەرمانانە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە دەموچاوی ئەو کەسانەدا درووست ناکەن و نابنە هۆی نەهێشتنی زیپکە، ئەمە جگە لەوەی کە ئەو دەرمانانە مەترسی تەندروستی و زیانی لاوەکی خۆیان هەیە.

لەم حاڵەتەدا گرنگە کە ئەو کەسانە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و خواردنیاندا بکەن چونکە پەیوەندییەکی زۆر بەهیز لە نێوان خواردن و زیپکەدا بوونی هەیە.

ئەمانەی خوارەوە چەند خۆراکێکن کە دەبنە هۆی درووستبوونی زیپکە، بۆیە بە نەخواردنیان چانسی چاکبوونەوەت زیاتر دەبێت و رێگری دەکەیت لە خراپتر بوونی باروودۆخی دەموچاوت.

1-شیرەمەنی
شیر لە پاڵ ئەوەی کە هەڵئاوسان زیاتر دەکات، چەندەها هۆرمۆنی جیاوازیشی لە خۆی گرتووە کە ئەم هۆرمۆنانە دەبنە هۆکارێک بۆ دروستبوونی زیپکەی زیاتر لەسەر دەموچاو.

2-شەکر
شەکر یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی درووستبوونی هەڵئاوسان لە جەستەی مرۆڤدا.

3-قاوە
قاوە کۆمەڵێک سوودی لە خۆی گرتووە، بۆ نموونە وزەت پێدەبخشێت و خەوت کەم دەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ سوودەکانیدا خاوەنی ئاوێتەیەکە لە ترشێکی ئەندامی کە دەبێتە هۆی زیادکردنی زیپکە.

ئەو ترشەی لە قاوەدا هەیە دەبێتە هۆی زیادکردنی ریژەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ لە خوێندا، ئەم هۆرمۆنەش لە بەرامبەردا هەڵئاوسان و زیپکە زیاتر دەکات، ئەو کەسانەی کە حەز بە قاوە دەکەن و زیپکەیان هەیە، دەتوانن لە جیاتی قاوە چای رەش یان چای سەوز بخۆنەوە.


4-خواردنی سوورکراوە و خواردنە خێراکان
خواردنە سوورکراوەکان و خواردنە خێراکان رێژەیەکی زۆر لە چەوری خراپیان لە خۆگرتووە کە نەک بەتەنیا نابنە هۆی قەڵەوی، بەڵکو هۆکارێکیشن بۆ درووستبوونی زیپکە.

5-نان و سەموون
راستە نان خواردنێکی سەرەکی رۆژانەیە، بەڵام ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە زووترین کات لە زیپکەکانیان رزگاریان بێت ئەوا پێویستە بۆ ماوەیەک خۆیان لە خواردنی نان بە دووربگرن، چونکە گەنم یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی دەبێتە هۆی زیپکە، بۆ نەهێشتنی زیپکە، وا باشترە لە جیاتی ئەم خواردنانە زیاتر میوە و سەوزە و چای سەوز و شەربەت بخورێتەوە.
Top