وەزیرى خوێندنى باڵا ڕێکەوتننامەیەکى لەگەڵ رێکخراوى (ئینگڵش یوو کەى) ئیمزا کرد

وەزیرى خوێندنى باڵا  ڕێکەوتننامەیەکى لەگەڵ رێکخراوى (ئینگڵش یوو کەى) ئیمزا کرد
16ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- بەئامانجى کارئاسانیکردنى زیاتر بۆ کاندیداکانى بەرنامەى تواناسازى، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕێکەوتننامەیەکى لیکگەیشتنى لەگەڵ رێکخراوى(ئینگڵش یوو کەى) ئیمزا کرد.
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (16/10/2012)، وەفدێکى رێکخراوى (ئینگڵش یوو کەى) بەهاوڕییەتى نوێنەرى ( 15 ) زانکۆى بەریتانى سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستانیان کرد.
لە کۆبونەوەیەکدا تاوتوێ بارودۆخى خوێندنى باڵاو بەرنامەى توانسازى و ئاستى زمانى ئینگلیزى لە هەرێمى کوردستان کرا، بۆ ئەوەش د. عەلى سەعید وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى کارنامەى حکومەت و وەزارەتەکەى سەبارەت بە چۆنێتى پەرەپێدانى خوێندنى باڵاو گەشەپێدانى توانا مرۆییەکان و زمانى ئینگلیزى پێشکەش بەوەفدى میوان کرد.
دوا بەدواى کۆبونەوەکەش، بەئامادەبوونى نوێنەرى ژمارەیەک لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و لە پێناو کارئاسانیکردن بۆ کاندیداکانى بەرنامەى تواناسازى د.عەلى سەعید وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، ڕێکەوتننامەیەکى لێکگەیشتنى لەگەڵ (TONY MILLNS) سەرۆکى ڕێکخراوى (ئینگڵش یوو کەى) بەریتانى ئیمزا کرد.
دوا بەدواى ئیمزاکردنى ڕێکەوتننامەیەش، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى راگەیاند: ڕێکخراوى (ئینگڵش یوو کەى) گەورەترین ڕێکخراوە لەسەر ئاستى جیهان، کە لە (460) زانکۆ و سەنتەرى زمان پێک هاتووە، ئاشکراشیکرد بەپێى ئەو گرێبەستە رێکخراوەکە هەماهەنگى و پشتگیرى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ دابینکردنى کۆرسى زمان، بەتایبەت بۆ کاندیداکانى بەرنامەى تواناسازى، د.عەلى سەعید جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئیمزاکردنى ئەو ڕێکەوتننامەیە دەبێتە دەسکەوتێکى دیکەى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بۆ کاندیداکانى بەرنامەى تواناسازى و دەچێتە پاڵ ئەو خزمەتانەى دیکەى وەزارەت کە لە ماوەى ڕابردوو پێشکەشى ئەو کاندیدانەى کردوە و دەکات.
هەر لەو لێدوانەیدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ووتى: هەر ئەمڕۆ سێ شەممە جگە لە ئیمزاکردنى ئەو ڕێکەوتننامەیە لەگەڵ ئەو رێکخراوە، پێشوازیمان لە نوێنەرى (15) زانکۆى بەریتانی کرد و پێکەوە گفتوگۆمان دەربارەى کۆرسى خوێندن بۆ کاندیداکانى تواناسازى کرد، بۆ دابینکردنى کورسى خوێندن بۆ ماستەرو دکتۆرا، رونیشکردەوە ئەو وەفدەى زانکۆکانى بەریتانى لە میانەى مانەوەى لە کوردستان سەردانى زانکۆى سەڵاحەددین و زانکۆى سلێمانى و زانکۆکانى دیکەى کوردستان دەکەن.
پاشان TONY MILLNS) سەرۆکى ڕێکخراوى ئینگڵش یوو کەى) لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانى راگەیاندن ووتى: کورتەیەکى لەبارەى ڕێکخراوەکەیان پێشکەش کرد کە (460) زانکۆ و سەنتەرى زمان لە خۆدەگرێت، هەروەک بەبایەخەوە ئاماژەى بەزمانى ئینگلیزى کرد ووتى: بەهۆى ئەوەى زمانى ئینگلیزى لەسەرتاسەرى دنیا پەیڕەو دەکرێت و زمانى زانستیشە، بۆیە ئەم ڕێکخراوە پێشەنگەو دەسەڵاتى باڵاى لە دنیادا هەیە بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى زمانى ئینگلیزى و خزمەتکردن بەزمانى ئینگلیزى.
هەر لە قسەکانیدا سەرۆکى ڕێکخراوى (ئینگڵش یوو کەى) خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەو پێشکەوتنانەى کە هەرێمى کوردستان بەخۆیەوە بینیوە، راشگەیاند: پلانەکانتان بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدان بەزمانى ئینگلیزى بۆ ئایندە زیاتر دڵخۆشى کردم، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە دواى ئیمزاکردنى ئەو گرێبەستە زیاتر ئامادە دەبن لە کوردستان بۆ هاریکاریکردنى خەڵکى کوردستان بۆ فێربوونى زمانى ئینگلیزى.
لە بەشێکى دیکەى لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵەکانى راگەیاندن د.عەلى سەعید وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بڕیارى کردنەوەى دوو کۆلێژى بنەڕەتى ئێوارانى بۆ مامۆستایانى پەروەردە راگەیاندو ووتى: وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بۆ خزمەتکردنى زیاتر بەمامۆستایانى کوردستان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیان، بڕیاریدا بەکردنەوەى دوو کۆلێژى بنەڕەتى ئێواران لە هەردوو زانکۆى ( گەرمیان لە کەلارو زانکۆى ڕاپەڕین لە ڕانیە)بۆ ساڵیى نوێى خوێندن، ئاشکراشى کرد کۆلێژەکەى زانکۆى گەرمیان بەشەکانى ( پەروەردەى وەرزش، زمانى عەرەبى و کۆمەڵایەتى) لە خۆدەگرێت. هەروەک کۆلێژەکەى زانکۆى ڕاپەڕینیش لە بەشەکانى ( زمانى کوردى، ماتماتیک) پێک دێت، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە لە ساڵى ئایندە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەردەوام دەبێت لە کردنەوەى کۆلێژى بنەڕەتى ئێواران و بەشى زیاتر لەو کۆلێژانە بەئامانجى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە و درێژەدانیان بە خوێندنى بنەڕەتى، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئەوەشى راگەیاند: کە هێچ مەرجێک نیە لە وەرگرتنى مامۆستایان لەو کۆلێژانە، مەرجى تەمەن و نمرەو بەش لادراوە، تەنها مەرج ئەوەیە کە ئەوانەى داوا پێشکەش دەکەن پێویستە مامۆستابن لەسەر میلاکى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
پەیوەست بەدواکەوتنى ڕاگەیاندنى خولى چوارەمى بەرنامەى تواناسازى، د.عەلى سەعید وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە وەڵامى پرسیارى پەیامنێراندا ڕاگەیاند: هیچ جۆرە دواکەوتنێک ڕوینەداوە، خولەکانى ( یەکەم، دووەم و سێیەم) بەردەوامن لەبەدەستهێنانى ئاستى پێویستى زمانى ئینگلیزى و بەدەستهێنانى ئۆفەر، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەموو ئەو کێشانەى چارەسەر کردووە کە لەو خولانە ڕوبەرووى کاندیداکانى تواناسازى دەبوەوە، ئێستاش داوامان لەسەرجەم زانکۆکان کردووە بۆ ئەوەى پێداویستیەکانیان بۆمان ڕەوانە بکەن، لە کۆتایشدا تەئکیدى لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرنامەى تواناسازى بەردەوام دەبێت.
Top