ناوی مامۆستا دامەزراوەكانی سنووری گەرمیان راگەیەنرا

ناوی مامۆستا دامەزراوەكانی سنووری گەرمیان راگەیەنرا
24 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان-میدیا) ـ سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ دووشەم ناوى 166 مامۆستای دامەزراو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان راگەیەنرا.

عەبدوڵا ئەنوەر، سەرۆكى لێژنەى دامەزراندن لە گەرمیان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"لە گەرمیان هەزار و 537 دەرچووى زانكۆ خاوەن بڕوانامەى بە كالۆریۆس ناوى تۆمار كردووە بۆ پیشەى مامۆستایى و بەپێى رێژەى دانیشتوانى گەرمیان تەنیا 166 كەس ناویان هاتووەتەوە كە 127یان سەر بە پەروەردەى كەلارن و ئەوانى دیكە كە ژمارەیان 39 كەسە بۆ پەروەردەى كفرییە.

روونى كردەوە كە دەرچووانى بەشى زانستى (بایلۆجى، فیزیا و كیمیا) زۆرترین چانسى دامەزراندنیان هەبووە و برێتییە لە 72 پلە، پاشان بەشەكانى زمانى كوردى، كۆمپیوتەر، ماتماتیك، ئینگلیزى، عەرەبى، كۆمەڵایەتى، وەرزش و هونەر دێت.

بە پێى ئەو زانیارییانەى دەست (ئاكانیوز) كەوتوون، لەنێو ئەو كەسانەی كە دامەزراون ژمارەى رەگەزى مێ 96 كەسە لە بەرامبەردا رەگەزى نێر 70 كەسن، هەروەها لەنێو ئەوانەى ناویان دەرچووە 54 كەسیان خێزاندارە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان بۆ ئەمساڵ پێویستی بە زیاتر لە 860 مامۆستا و فەرمانبەر هەیە، بەڵام تەنیا 212 پلەی وەزیفی بۆ دانرابوو.
"
Top