پــــەیــــامــــی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە

پــــەیــــامــــی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی لە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و هیوای خواست هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەن.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-01-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە گەرمی پێشوازیی لێکرد. دواتر بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ماف و شايسته‌ ياسایى و ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ستايشى رۆڵى به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زيران سوودانى كرد كه‌ له‌ ماوه‌ى ساڵى رابردوودا كارى كردووه‌ بۆ لێكگه‌يشتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هيواى خواست هه‌موو پرسه‌كان به‌ گفتوگۆ، چاره‌سه‌ر بكرێن‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ بڕياره‌ هه‌ردوولا سبه‌ى كۆبوونه‌وه‌يه‌ک ئه‌نجام بده‌ن".
 
لای خۆیەوە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت رایگەیاند، هیچ هەڵوێستێکى سیاسی بەرامبەر بە دۆسیەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نییە و ئەوەى هەیە پرسێکى تەکنیکییە کە دەکرێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت. 
 
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
 
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2025/1/12 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، دواى گه‌یيشتنى به‌ به‌غدا، به‌شداريى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا كرد كه‌ بە ئامادەبوونی به‌ڕێزان محەمەد شیاع ئه‌لسوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراقى فيدراڵ و د. مەحموود ئه‌لمەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران به‌ڕێوه‌چوو.
 
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ماف و شايسته‌ ياسایى و ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ستايشى رۆڵى به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زيران سوودانى كرد كه‌ له‌ ماوه‌ى ساڵى رابردوودا كارى كردووه‌ بۆ لێكگه‌يشتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هيواى خواست هه‌موو پرسه‌كان به‌ گفتوگۆ، چاره‌سه‌ر بكرێن‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ بڕياره‌ هه‌ردوولا سبه‌ى كۆبوونه‌وه‌يه‌ک ئه‌نجام بده‌ن.
 
هه‌روه‌ها به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، روانگه‌ و كار و رۆڵى سه‌رۆكوه‌زيران به‌ڕێز سوودانى بۆ بره‌ودان به‌ پێگه‌ى عێراق و پته‌وكردنى‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، به‌رز نرخاند.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌نه‌كه‌دا، جەخت له‌ پێویستيى‌ پشتگيريى هەموو لایه‌نه‌كان بۆ جێبەجێکردنی به‌رنامه‌ى حکومه‌ت له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرايه‌وه‌، هه‌روه‌ها پشتگیرى له‌ چاکسازییە دارایی و ئابوورییەکانى حکومەت كرا‌، جەختیش کرايه‌وه‌ کە هیچ هەڵوێستێکی سیاسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نييه‌، جگە لە پرسە تەکنیکییەکان، ئه‌وه‌ش دەکرێت لە رێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە، چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
 
هاوپەیمانییەکە داوای کرد عێراق به‌ جۆرێك مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگارى و رووداوە ناوچه‌يى و نێودەوڵەتییەکاندا بكات کە بەرژەوەنديی عێراق بپارێزێت و لە ململانێ و قەیرانەکان بەدووری بگرێت، هەروەها باس له‌ دۆخی سووریا کرا و ئامادەیی عێراق بۆ پشتگیری له‌ گەلی سووریا دووپات كرايه‌وه‌.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، سەردانە فەرمییەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران سوودانى بۆ کۆمەڵێک وڵاتى دۆست و چه‌ند پرسێكى ديكه‌، تاوتوێ كران.
 

Top