خدر مەنتک: وه‌ڵامی پارتی بۆ دادگای فیدرالی وه‌ك ئامرازێکی ستراتیژی سیاسی دەبینێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتە

خدر مەنتک: وه‌ڵامی پارتی بۆ دادگای فیدرالی وه‌ك ئامرازێکی ستراتیژی سیاسی دەبینێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتە

په‌رله‌مانتارێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان باس له‌ هه‌ڵویستی پارتی ده‌كات له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پارتی هێزی یەکەمی هەرێمی کوردستانە و خاوەنی مێژوو و گەورەترین پێگەی جەماوەرییە و ئەگەری بردنەوەی لە هەڵبژاردندا مسۆگەرە.

خدر مەنتک، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەرمانی کوردستان بۆ گوڵان ڕایگەیاند: پارتی هێزی یەکەمی هەرێمی کوردستانە و خاوەنی مێژوو و گەورەترین پێگەی جەماوەرییە و ئەگەری بردنەوەی لە هەڵبژاردندا مسۆگەرە. پێویستە ئەوەش بزانین پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی نەکردووە، بەڵکو هەڵوێستی پارتی نیشانەی بەهێزی و خۆڕاگرییە لە بەرامبەر فشارەکان. پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە جەخت لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە پرەنسیپە دیموکراسییەکان و سووربوونی خۆی بۆ بەرگریکردن لە دەستکەوتەکان لە دژی هەموو ئەگەرەکان دووپات دەکاتەوە و بیرۆکەی هەڵبژاردن و بنیاتنانی سیستەمی دیموکراسی لە کوردستاندا، بۆ یەکەمین جار لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانییەوە لە سەروەختی ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ دا لە شاری کۆیە خراوەتەڕوو.

دەشڵێت: ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی پارتیمان، له‌ هێز و ئیراده‌ی پارتی و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و لە ئایندەشدا پارتی هەڵوێستی دیکەی دەبێت. ئەوەی بە بایکۆتی هەڵبژاردن ناو دەبرێت مانایی کشانەوەی پارتی نییە لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا، بەڵکو وەکوو وەڵامدانەوەیەک دێت بۆ زنجیرەیەک بڕیاری نادەستووری کە لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە دەرچووە، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی قەوارە یاساییەکەیەتی. ئامانجی پارتی ڕوونە، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ هاوپه‌یمانیی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام بن له‌ جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان و به‌رنامه‌ی حكوومه‌تەکەی سوودانی، پارتی له‌ پرۆسه‌یه‌کدا به‌رده‌وام نابێت، کە ئامانج لێی پێشێلکردنی مافە دەستووری و یاساییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت.

ئەوەشی خستەڕوو: سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەنگدانەوەی بابەتی فراوانتری ناسنامەی کوردی و هەستانەوە و ئارەزووەکانی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد و کوردستانە. هەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرەیەک بڕیاری نادەستووری دادگای فیدراڵی کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان دەگەیەنێ، کە هەریەکەیان کاریگەرییەکی قووڵیان هەیە لەسەر پێگەی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لێکدانەوەی دەستووری عێراقە سەبارەت بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: هەڵوێستەکانی پارتی تەنها ئاماژەیەکی سیمبۆلی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی پراگماتیکییە بۆ فشارخستنە سەر عێراق و بەهێزکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کورد و ڕاکێشانی سەرنجی ئەو نادادپەروەرییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە. هەروەها ئامانجی پارتییە له‌سه‌ر دیمەنی سیاسی عێراقدا، قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌هێزی و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ پارێزراوی بمێننه‌وه‌ و داكۆكیكردنیشه‌ له‌ ماف و ئازادییه‌كانی پێكهاته‌كانی كوردستان كه‌ دادگای فیدراڵی به‌ بڕیارێكی سیاسی ئه‌و مافه‌ی لێ زه‌وت كردوون.

خدر مەنتک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەستوور ماف و دەسەڵاتی دیاریکراو بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر دەکات. کاتێک دادگای فیدراڵی دەستێوەردان دەکات بە دەرکردنی بڕیارێکی نا دەستووری لە وەڵامدا، هەوڵوێستی پارتی وەکوو ئامرازێکی ستراتیژی سیاسی دەبینێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتە دووژمنکارانەیە وەکوو فشارێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد دەبینێت و بڕیارەکەی پارتی پەیامێکی بەهێزی بەرەنگاربوونەوەیە، کە ئاماژە بە پابەندبوونی لایەنەکان دەکات بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: پێویستە دەسەڵاتی (تەشریعی و تەنفیزی) لە یەکتری جیابکرێتەوە و نابێت ڕێگه‌ به‌ (دادگای فیدراڵی) بدرێت خۆی له‌سه‌روو ده‌ستوور و تێكڕای دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كانی عێراق و هەرێمی كوردستانه‌وه‌ ببینێت و جێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی و ته‌نفیزیی بگرێته‌وه‌ و ‎ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی پارتی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پاشه‌كشەکردن نییه‌ له‌ بژارده‌ی دیموكراسییانه‌، به‌ڵكو پارتی ناچێته‌ هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ كه‌ به‌ یاسایه‌كی ناده‌ستووری و سه‌پێنراو به‌ڕێوه‌بچێت.

Top