لە هێرشێکدا بۆ سەر دادگایەک لە ئەستەنبوڵ لە تورکیا، دوو هێرشبەر کوژران و شەش کەسیش بریندار بوون

لە هێرشێکدا بۆ سەر دادگایەک لە ئەستەنبوڵ لە تورکیا، دوو هێرشبەر کوژران و شەش کەسیش بریندار بوون

 

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، دوو هێرشبەری چەکدار هێرشیان کردە سەر دادگایەک لە ئیستەنبوڵ.

بەگوتەی عەلی یەرلیکایا، دوای تێکهەڵچوونەکەی نێوان هێرشبەرەکان و هێزەکانی پۆلیس، هەردوو هێرشبەرەکە کوژراون و شەش کەسیش برینداربوون کە سێیان ئەفسەری پۆلیسن.

بە وتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، یەکێک لە هێرشبەرەکان ژن بووە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری بەکارهێنەری خۆی لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی، ئەم هێرشە لە کاتژمێر ١١:٤٦ خولەکی بەیانی ئەمڕۆسێشەممە لە یەکێک لە دەروازەکانی پشکنینی دادگای چاگلایان ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی پۆلیس و هێرشبەرەکاندا لانیکەم شەش کەس برینداربوون کە سێ کەسیان هاووڵاتی مەدەنی و سێ ئەفسەری پۆلیسن.

عەلی یەرلیکایا نووسیویەتی، کە هێرشبەرە کوژراوەکان ئەندامی ڕێکخراوی "تیرۆریستی" بەرەی ڕزگاریخوازی شۆڕشگێڕی گەل بوون.

تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

تورکیا لە چەند مانگی ڕابردوودا شاهیدی هەندێک هێرشی تەقینەوە و خۆکوژی بووە. لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، چەند چرکەیەک پێش کردنەوەی پەرلەمانی تورکیا لە کۆتایی پشووی هاوینەدا، هێرشێکی خۆکوژی ڕوویدا.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، خۆکوژێک خۆی لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا تەقاندووەتەوە و هێرشبەرێکی دیکەش بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا تەقینەوەیەک لە شەقامێکی قەرەباڵغی شاری ئەستەنبوڵ ڕوویدا و لە ئەنجامدا چەندین کەس کوژران و برینداربوون.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top