سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان: بە شەرمەزارکردن کۆتاییان نایەت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی "وڵاتانی دۆست" دەکەن، کە بەردەوام ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بە هێرشەکان نایەت، داواش دەکەن هەنگاوی کرداری لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بەم کردەوانە.
رۆژی هەینی، 26-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم[ـی کوردستان] و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت."
پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو 25-01-2024 سەرچاوەیەکی باڵا لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند نزیک کاژێر 10:45ـی شەوی پێنجشەممە، هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزاکە و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
دوای هێرشەکە وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا."
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی "وڵاتانی دۆست" دەکەن، کە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی "بەو پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت" و رێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات.
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە کە "خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، بەڵکو ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا، تەنیا شکست و رووڕەشی بۆ دوژمن وخائینان دەمێنێتەوە."
لە درێژەی پەیامەکەدا داوا لە "وڵاتانی دۆست"یش دەکات، کە رێکاری جدی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانییان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵک و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "داوا لە خەڵکی کوردستانیش دەکەم، بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە، رووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و رێگە بە خۆفرۆش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی، بکەنە قوربانیی ترسنۆکی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان."
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "داواکارم خوای گەورە، هێزی زیاترمان پێ ببەخشێت، تاوەکو بەردەوام بین لە درێژەدان بە رێبازی پیرۆزی کوردایەتی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و پشت و پەنامان بێت بەرەو سەرکەوتن."
لە کاردانەوەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆردا لە سنووری قەزای چەمچەماڵ ئەمڕۆ (26-01-2024) ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو هێرشەی دوێنیی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەم، هێرشەکە بووە هۆی تێکدانی ژێرخان و پچڕانی وزەی کارەبا لە ملیۆنەها کەس لە نێوەڕاستی وەرزی زستاندا."
هەروەها پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی سەروەریی عێراق دەمێنێتەوە."
هاوکات، باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەین لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم هێرشە بۆ سەر خەڵک و ژێرخان لە هەرێمی کوردستانی عێراق قبووڵکراو نییە. دڵمان لەگەڵ هەموو ئەو خێزانانەدایە کە لە چلەی زستاندا بەبێ کارەبا ماونەتەوە."
باڵیۆزخانەی فەرەنساش لە عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، فەرەنسا "زۆر بە توندی" ئیدانەی هێرشی دوێنێ شەوی دژی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات، کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
باڵیۆزخانەکە هێرشەکەی بە "دەستدرێژیی بۆ سەر سەقامگیریی" ناوبرد وگوتی، "هێرشی هاوشێوە لە دژی ژێرخانێکی مەدەنی، کە سوود بە هەموو عێراقییەکان دەگەیێنێت، دەستدرێژییەکی دیکەیە بۆ سەر سەقامگیری عێراق، بەتایبەتی بۆ سەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان، "ئەو هێرشە بۆ بەرزکردنەوەی گرژییە"، قبوڵنەکراوە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا دەکەن.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.