كەوتنەوەی ئاگرێکی کوشندە لە پارێزگای شانشی لە چین
لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی پارێزگای شانشی لە چین ٢٦ کەس گیانیان لەدەستدا.
میدیای فەرمیی چین بڵاویکردەوە، ، کاتژمێر ٧ی بەرەبەیانی بەکاتی ناوخۆ ئاگر لە باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی کە دەکەوێتە شاری " لویلانگ " کەوتووەتەوە، لەم ڕووداوەدا خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
لە ئەنجامی ئەم ئاگرکەوتنەوە کە تا ئێستا هۆکارەکەی دیاری نەکراوە، بیست و شەش کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها دەوترێت كە ئەم باڵاخانەیە سەر بە کۆمپانیایەکی خەڵوزە، تا ئێستا حەفتا کەس لەو باڵەخانەیە ڕزگاركراون کە ئاگرەکەی تێدا ڕووداوە، لەو ژمارەیەش شەست و سێ کەس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هەروەها ڕاگەیەندرا، کە ٣٨ کەس لەو کەسانە بەهۆی ئاگرەكەوە بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی تیمەكانی فریاكەوتن ڕایانگەیاند: کە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگار كردن کۆتاییان هاتووە.
گوڵان: سەردار خەلیل