سەرۆك بارزانی، پێشوازیی لە وەزیری تەندروستی دەكات
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆك بارزانی، پێشوازیی لە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و وەزارەتی تەندروستی راگەیەندراوێكی سەبارەت بە سەردانەكە بڵاو كردەوە.
لە راگەیەندراوێكی وەزارەتەكەدا ئاماژە بە ئەوە دراوە، لە دیدارێکدا ڕەوشی تەندروستی و ئاستی تەندروستی گشتی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و ڕێککارەکانی باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و چاکسازییەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی نەخۆش و کاروچالاکییەکان و زیادکردن و فراوانکردنی ژێرخانی تەندروستی و پسپۆڕیە پزیشکییەکان و ئاست و توانای پزیشکان و کارمەندان و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان و سودوەرگرتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ناوەخۆ و کاروبارەکای پەیوەست بە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ گفتوگۆ کرا.
ئەوەش خراوەتە روو كە لە دیدارەكەدا، سەرۆك بارزانی، بە وردی تێڕوانینی بابەت و پیرۆزیی کاری مرۆڤدۆستی و خزمەتگوزاری و کاروبارەکانی تەندروستی کرد، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی ، جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی ئەرکەکان بە دڵسۆزانە و بە ئیڕادەی بەهێز کردەوە کە دەتوانرێت زاڵ بێت بەسەر قەیرانەکان و زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بە ئەوەش دراوە كە، "وەزیری تەندروستی سەڕەڕای شەڕەفمەندی لە دووپاتکردنەوەی پەیمان و بەڵێنی وەفا و دڵسۆزی بۆ سەرۆك بارزانی، بۆ بەردەوامبوونی خزمەتکردنی ماندوونەناسانە، بە گەرمی سوپاس و دەستخۆشی لێ کرد بۆ ئەو پێشوازی و دەرفەتە زێڕین و پڕ شانازییە، ستایشی گەورەیی جەنابیانی کرد بۆ پێدانی ڕاسپاردە و ڕێنمایی و ئامۆژگاریەکانی جەنابیان و پێدانی ورەی پۆڵاین و ئێڕادەی گەورە بۆ کارکردن لەپێناو بەرژەوەندی گشتيی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان."