ئێران و ئازەربایجان ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی مانۆڕێکی هاوبەش لە دەریای خەزەر
هێزی دەریایی ئازەربایجان و ئێران سەبارەت بە ئەنجامدانی مانۆڕێکی هاوبەش لە دەریای خەزەر گەیشتنە ڕێککەوتن.
وەزارەتی بەرگری کۆماری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە ئەنجامدانی مانۆڕێکی هاوبەش لە دەریای خەزەر ڕاگەیاند.
میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە شاندی ئێرانی بە مەبەستی بەشداری کردن لە مەشقی تاکتیکی هاوبەشی "خەزەر-٢٠٢٣" بە بەشداریی کەشتی جەنگی و هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئازەربایجان و هێزی دەریایی کازاخستان، گەیشتوونەتە باکۆ.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، سوبحان بێکیرۆڤ، فەرماندەی هێزی دەریایی ئازەربایجان، لەگەڵ شاندێک بە سەرۆکایەتی محەمەد ڕەزا خەزایی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئێران لە باکۆ کۆبووەوە و وتووێژی کرد.
لەم دیدارەدا فەرماندەکانی ئێران و ئازەربایجان ئاسۆی پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هێزی دەریایی دوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
تا ئێستا وادەی ورد بۆ ئەم ڕاهێنانە هاوبەشە دیاری نەکراوە.
گوڵان: سەردار خەلیل