سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم داهاتی هەموو عێراق زیاتر دەکات
ڕێکكەوتنی هەولێر و بەغدا، لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، خۆشحاڵیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کەمپینێک لەژێر ناوی (# سوپاس مەسرور بارزانی) دەستی پێکردووە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رێکكەوتنی هەولێر بەغدا دەکەن بەوەی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدات، کە مافەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت و لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی فیدڕاڵ ڕێکكەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و غاز ئەنجام بدرێ.
ئەمڕۆ، کە ڕێكکەوتنەکە لە بەغدای پایتەختی عێراق، بە ئامادەبوونی هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆ کرا، ئەوەش بووەتە هۆی خۆشحاڵیی خەڵکی کوردستان بە گەیشتن بە مافە داراییەکان و بۆ ئەوەش خەڵکی کوردستان سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن و کەمپینێکیان بە ناوی (# سوپاس مەسرور بارزانی) دەست پێکردووە، هاوکات زۆر لە بەشداربووانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، لە پۆستەکانیاندا سوپاسی مەسرور بارزانی دەکەن و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە.
لەمبارەوە، کاوار شوکری، لە پۆستێکیدا نووسیویەتی: ”پیرۆزە، دوای 18 ساڵ، مەسرور بارزانی توانی وا لە بەغدا بکات، چەند مادەیەكی دیكەی دەستوور جێبەجێ بکات و دەستکەوتێکی دیكە بۆ کوردستان بەدەست بێنێت، (# سوپاس مەسرور بارزانی).“
هەروەها دڵشاد جەلال کەمال، دەڵێت: ”ئەوەی دوێنێ كرا پیلان بوو دژی پلانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی كردی، پلانێكی تۆكمەیە بۆ لە گۆڕنانی ئەو پیلانەی، كە دوێنێ هەبوو، (# سوپاس مەسرور بارزانی).“
هاوبەشێکی دیکەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بەناوی سەفین ئەحمەد، نووسیویەتی: ”پیرۆزە ئەم ڕێكکەوتنە بە سەرکردایەتیی ڕێزدار مسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، (# سوپاس مەسرور بارزانی).“
بەشداربوویەکی دیکەش بەناوی بارزان قادر جاف، دەڵێت: ”ڕێککەوتنێک واژۆ کرا بۆ تەسلیمبوون و فرۆشتنی خاک نا، بەڵکوو بۆ بە فەرمیکردن و ناساندنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەدڵنیاییەوە نەک زیانی نەکرد، بەڵکوو زۆر زیاتریش قازانجی کرد، هەم ئابووری و هەمیش سیاسی.“
سۆران خاکی، نووسەری سیاسییش لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: ”ڕۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی کوردستانییان و لێدانی دوابزمار لە تابووتی ئەوانەی خەونیان بە نەمانی ئەم هەرێمە و کۆتایی هاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبینی، (# مەسروری هەمووان سەرکەوت.“