بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان و سەرۆکی هەنگاریا، له‌ شاری هه‌ولێر ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی (مێلسۆ Meltho) لە شارۆچكه‌ی عەنکاوە به‌ڕێوه‌ چوو.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان و سەرۆکی هەنگاریا، له‌ شاری هه‌ولێر ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی (مێلسۆ Meltho) لە شارۆچكه‌ی عەنکاوە به‌ڕێوه‌ چوو.

 

ئەمڕۆ شەممە 10/12/2022، بە ئامادەبوونی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا، ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی (مێلسۆ Meltho) لە شارۆچكه‌ی عەنکاوەی هه‌ولێر بەڕێوە چوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی وتارێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد و ڕایگەیاند: ''ماوەیەكی زۆر نییە كە ئەم ناوچانە هەمووی لێرە ببوونە پەناگەیەك بۆ تیرۆر، بەڵام كریستیانەكان و ئێزدییەكانی دەشتی نەینەوا هاتن و خانوو و پەناگەكانیان لێرە دروست كرد.''

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''عەنكاوە ناوەندێكی هەرێمییە و لە ٢٠١٤ كاتێك دژی داعش جەنگاین، ئێرە بووە ناوچەیەك بۆ پێكەوەژیان.''

ئاماژەی بەوەش دا: ''هەنگاریا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لەو كات هاتن بە هانای خەڵكی كوردستانەوە، من ئێستا سوپاسی بەڕێز نۆڤاك دەكەم كە لێرە ئامادەیە ... هەوڵەكانی هەنگاریا بۆ پشتیوانیكردن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە بەرزی دەمێنێتەوە. لەو ساتەوەی كە ئێمە ئازار دەچێژین، زیاتر لە دوو ملیۆن خەڵكی سووریا و عێراقمان لەخۆ گرت و لێرە لەلایەن حكوومەتەوە پارێزگارییان لێ كرا. نەماندەتوانی بەبێ هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمانە بكەین. جێی خۆیەتی لێرەوە سوپاسی خاتوو سەرۆكی هەنگاریا بكەم كە هەمیشە بە هانای خەڵكی ئێمە هاتووە.''

مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە: ''بەرهەمی هەوڵەكان دیارن، دەتوانن سەیری عەنكاوە بكەن كە كۆمەڵگەیەكی درەوشاوەیە و بازاڕێكی پڕجۆش و خرۆشی هەیە، عەنكاوە پەرجووی پێكەوەژیانە. ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی كردنەوەی قوتابخانەی مێلسۆ دەكەینەوە، سوپاسی هەنگاریا دەكەم بۆ هاوكاریكردنی كەرتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان.''

گوتیشی: ''حكوومەتەكەمان پێشخستنی كەرتی پەروەردەی كردووەتە كاری لەپێشینەی، بۆ ئەوەی كوردستان ببێتە وڵاتێكی بەهێز. تەنها دوو ڕۆژ لەمەوبەر دڵخۆش بووم بەوەی بەشداریم كرد لە دامەزراندنی بەردی بناغەی زانكۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی. ئەم جۆرە پرۆژانە من بە تەواوی پشتگیرییان دەكەم و ئێوە پاڵپشتیی تەواوی منتان هەیە. دڵنیاییدان بۆ دەستگەیشتن بە پەروەردە و كڵاسێكی جیهانی، كاری لەپێشینەی حكوومەتەكەمانە.''

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا: ''هێزی فێربوون و بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرەوپێشچوونی ئەكادیمی دەكرێ بگۆڕێ، هێز و هێزپێدان و زانیاری ئەگەر زیاتر پێكەوە كار بكەن، دەبنە كڕۆكیی بەرەوپێشچوونی وڵاتەكەمان. قوتابییان و دەرچوانمان پێویستە بەهرەكانیان بەرەوپێشەوە ببەن بۆ ئەوەی بتوانن پێشبڕكێ بكەن بۆ بەدەستخستنی كار لە داهاتوو و ئێستاش.''

جەختیشی کردەوە: ''كردنەوەی ئەم قوتابخانەیە هیوایەكە، خوشك و برا كریستیانەكانمان پێویستییان بەوەیە، ئێمە هەمیشە پێشوازی لە فێربوونی زانست و زانیاری دەكەین. چاومان لەوەیە كەرتی پەروەردە بەرەوپێشەوە ببەین.''

 مەسرور بارزانی گوتیشی: ''ئەمساڵ ئێمە ناوەندێكی متمانەپێدانی نێودەوڵەتیمان لە هەرێمی كوردستان كردەوە كە ئەمەش بەشێكە لە ئاژانسی متمانەپێدان. متمانەمان هەیە و دەتوانین كاری زیاتر بكەین و دەشیكەین. سامانی خەڵكی ئێمە هەمیشە وەك سەرچاوەیەكی فراوان دەمێنێتەوە. پەروەردە و زانست هەمیشە كلیل و كڕۆكیی سەركەوتنە، داهاتوو لێرەوە دەست پێ دەكات.''

لە کۆتاییشدا مەسرور بارزانی گوتی: ''خاتوو سەرۆك من سوپاسی تۆ دەكەم بۆ هاتنت بۆ هەولێر و بۆ ئەو وەبەرهێنانەی وڵاتەكەت تاوەكوو داهاتووی خەڵكی ئێمە بەرەوپێشەوە بچێت، دووبارە زۆر سوپاس.''

Top