د.عەبدولحەکیم خەسرۆ: حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان

د.عەبدولحەکیم خەسرۆ: حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان


بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە گوتەیەکدا گرنگترین کار و چالاکییەکانی فەرمانگەکەی خستەڕوو و ئەمەش دەقی گوتارەکەیەتی:

فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون یەکێکە لە فەرمانگەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کە کاری بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنە. لەو چوارچێوەیەدا تاوەکوو ئێستا ١٥٦ بڕیاری ئەنجوومەن دەرچوێنراون کە ئەرک و ڕۆڵی ئێمە بەدواداچوونی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی کارنامەی حکوومەت بووە.

تاوەکوو ئێستا بەدواداچوونی نوێکردنەوەی پۆرتاڵی خزمەت و ڕێکخستنەوەی خزمەتگوزارییەکان و ڕاهێنان بە ١٢٧ فەرمانبەر بۆ کارکردن لەسەر ئەم پۆرتاڵە و دامەزراندنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی سکاڵای هاووڵاتیان، لەسەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بەلامەرکەزیی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و بەدواداچوونی فەرمانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دابەزاندنی دەسەڵاتەکان بۆ بەڕێوبەرە گشتییەکان لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، لەلایەن فەرمانگەوە کاری بۆ کراوە.

فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام بووە لە بەدواداچوونی هەموو گەندەڵییەکی دارایی و کارگێڕی و بۆ ئەم مەبەستە شەش کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامدراون، دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، هەروەها پەسەندکردنی ستراتیجیەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و پاڵپشتیکردنی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و وەزارەتی داد و فەرمانگەی یاسایی وەزارەتەکان، بۆ بەرگریکردن لە سامانی گشتی و مافی خەڵک. لەهەمان کاتیشدا هەماهەنگیکردن لەنێوان دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکان بۆ وردبینیکردنی سەرجەم کار و چالاکییەکان لە بواری دارایی و بۆ یەکەمجار ئامادەکردنی ژمێرەی کۆتایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها ڕاپۆرتێکمان ئامادە کردووە لەسەر پڕۆژەکانی پترۆدۆلار لە ناوچە جیاجیاکان و لەسەر خەرجییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی سیستەمیKFMS کە سیستەمی هەرێمی کورستانە بۆ بوارە داراییەکان و ئیدارەدانی لە چوارچێوەیەکی ئەلیکترۆنی کە بە هەماهەنگی و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی دارایی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە و تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ فەرمانبەر خولی ڕاهێنانی بینیوە و کاریان لەسەر کردووە.

ئەرکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان بووە بۆ کاری لیژنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و لێدانی هەردوو ژەمە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لەلایەن فەرمانبەران. بەدواداچوونی پڕۆسەی پشکنین لە تاقیگەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و دەستنیشانکردنی کێشە و کەموکوڕییەکانی هاوردەکردنی خۆراک بەپێچەوانەی پێوەرە کارپێکراوە تەندرووستییەکان.

وەکو فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بەشداربووین لە هەموارکردنی پەیڕەوی دەفتەرگرتنی بازرگانی بۆ مەبەستەکانی باجی دەرامەت و بەدواداچوونى بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی فەرمانەکانی ڕێزدار سەرۆک وەزیران، تایبەت بە چاکسازی لە سیستەمی باج.

بەداداچوونی جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی سیستەمی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری.

وەکو فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بەشداربووین لە بەدواداچوونی دەرکردنی پەیڕەوی جێبەجێکردنی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەروەها ڕێنمایی تایبه‌ت به‌ دانانی خانه‌نشینی و ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەکو سیستەمی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان لەگەڵ تیمە هاوبەشەکان، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بەشێوازک ڕێکبخرێتەوە کە بگونجێت لەگەڵ سیستەمی نوێی جیهانی و سیستەمی نوێی ڕاهێنانی هێزە سەربازییەکان.

کارکردنمان لە سەروەرکردنی یاسا و کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لە ناو کۆمەڵگادا یەکێک بووە لە ئامانجەکانی ئێمە، بۆیە وەکو فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ پرسی کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لەناو کۆمەڵگادا و یاسایەکی تایبەت بە کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە هەرێمی کوردستان، و داخستنی بازاڕەکانی فرۆشتنی چەک لە گشت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کاری لەسەر کراوە.

ئەمەی خرایەڕوو ئەرک و ڕۆڵی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بوو لە ئاستی چاکسازی لە گشت بوارەکاندا، بۆیە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان کە بەشێوازێک بێت لە خزمەتی هاووڵاتیانی کوردستان بن. پەیامی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە چۆن بتوانین ئەرک و مەهامی فەرمانگەکان بخەینە خزمەت هاووڵاتیانی بەڕێز.

Top