سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌‌ باڵيۆزى ڕۆمانيا ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌‌ باڵيۆزى ڕۆمانيا ده‌كات

به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/6/6 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ڕادو دۆبرێ باڵيۆزى تازه‌ى ڕۆمانيا له‌ عيراق كرد.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرى و هاريكارييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى نيشان دا، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيرى و هاريكارييه‌كانى ڕۆمانيا له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان وه‌ك ئه‌ندامێكى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش، دووپات كرده‌وه‌‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز باڵيۆزى تازه‌ى ڕۆمانيا له‌ عيراق، خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى ده‌ربڕى و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاریی هاوبه‌ش نيشان دا به‌تايبه‌تى له‌ بواره‌كانى ئابوورى، بازرگانى، وزه‌، كشتوكاڵ، بانكدارى، كولتوورى و خوێندنى زانكۆييدا.

هه‌ردوولا وه‌به‌رهێنان و ده‌رفه‌تى كاريان بۆ كۆمپانيا ڕۆمانييه‌كان له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و به‌ڕێز باڵيۆزى ڕۆمانيا باسى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ كاراكردنه‌وه‌ى ليژنه‌ى‌ باڵاى هاوبه‌شى ئابوورى و بازرگانيى نێوان ڕۆمانيا و عيراق كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌ پێويستى زانى هه‌رێمى كوردستانيش له‌و ليژنه‌يه‌دا به‌شدار بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌پێى ئه‌و ده‌رفه‌رت و بوارانه‌ى كه‌ هه‌ن، سوودمه‌ند بێت.

دۆخى سياسيى عيراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، پرسى ئاواره‌ و په‌نابه‌ر‌ان له‌ ڕۆمانيا و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و پێشهاته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراینا و لێكه‌وته‌كانى، چه‌ند ته‌ورێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوون كه‌ به‌ڕێز به‌رپرسى نووسينگه‌ى هه‌ولێرى باڵێۆزخانه‌ى ڕۆمانيا، ئاماده‌ى بوو.

Top