هەولێر.. سەنتەرێکی نوێی چارەسەرکردنی نەخۆشیی تالاسیمیا كرایەوە

هەولێر.. سەنتەرێکی نوێی چارەسەرکردنی نەخۆشیی تالاسیمیا كرایەوە

 

دوێنێ(یەك شەممە) بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی تالاسیمیادا، بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو بەرپرسانی حكومی و حزبی و كەس و كاری نەخۆشانی تالاسیمیا، سەنتەرێکی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە لە هەولێر کرایەوە.

 

پارێزگاری هەولێر لە وتەیەكدا دووپاتی كردەوە كە کردنەوەى ئەم سەنتەرە نوێیە یەکێکە لە كارە گرنگەکانى هەولێر  كە  لەسەر ڕووبەرى 3300 مەتر دووجا دروستکراوە و دەتوانێت لە مانگێکدا پێشوازى لە 750 نەخۆش بکات، هاوکات سەبارەت بەو خێرخوازەی ئەرکی دروستکردنی سەنتەرەکەی گرتبووە ئەستۆ ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە كرد كە شانازى بەخێرخوازانى شارەکەمان دەکەین، کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگمان بوون، لەهەموو ئەو قەیرانانە و کێشانەى بەسەرشارەکەماندا هاتووە، لەوانەش کاتى ڕوودانى لافاو و ڕووبەڕووبوونەوەى وشکەساڵى و لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان لە هاوکارى و یارمەتیدانى لێقەوماوان و هەژاران.

 

شایانی ئاماژە پێ كردنە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە  ڕۆژی 8ی مانگی ئایار وەک ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە دیاریکراوە، كە تێیدا ساڵانە هەڵمەتێكی فراوانی خوێنبەخشین و چالاکیی دیكەی هۆشیارکردنەوەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن.

Top