په‌يامێك له‌ مه‌كته‌بى سياسى پارتي ديموكراتى كوردستانه‌وه‌ ، به‌بۆنه‌ى (31)ەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی كوردستان

په‌يامێك له‌ مه‌كته‌بى سياسى پارتي ديموكراتى كوردستانه‌وه‌ ، به‌بۆنه‌ى (31)ەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی كوردستان

 

ئەمڕۆ هەینی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 31ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕین ڕای گەیاند، وەک هەمیشە و لەسەر هەمان بنەما و پەیامی ڕاست و دروستی پارتەکە و سەرۆک مەسعود بارزانی، جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی كورد دەکەنەوە.


مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ هەینی پەیامێکی بەبۆنەی 31ەمین ساڵیادی ڕاپەڕین بڵاوکردەوە و ڕای گەیاندووە "خەباتی درێژخایەنی گەلە خۆڕاگرەکەمان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە هەمیشە مایەی شانازیی بووە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواکانمان و بەدیهێنانی مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکانمان".

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە:-

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

بە بۆنەی(31)ەمین ساڵیادی راپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان

خەباتی درێژخایەنی گەلە خۆڕاگرەکەمان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە هەمیشە مایەی شانازیی بووە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواکانمان و بەدیهێنانی مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکانمان.

لەو پێناوەشدا رۆڵە وەفادار و بەئەمەک و دڵسۆزەکان هەمیشە سپەری بەر ستەم و زۆرداری و سەرکوتکردن بوون و لەو روانگەیەشەوە سەلماندیان کە هێزی گەل تاکە هێزی راستەقینەی شۆڕش و بەرخودان و راپەڕینە.

یەکێک لەو ئەڵقە هەرە چارەنووسسازانەی تێکۆشان و بەردەوامبوونی خەباتی رەوامان، ژیلەمۆی راپەڕینە شکۆدارەکەی(5ی ئاداری ساڵی 1991)بوو، کە بە بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسی و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بە بەشداری جەماوەری دڵسۆز لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕین، ھەڵگیرسا.

راپەڕین، وەک پەیامێکی هەقخوزانەی گەلەکەمان هاتە ئاراوە، هەنگاوێکی مەزن و هیوابەخش بوو بۆ بونیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی لەساڵی(1992)کە خۆی لە پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێم بینیەوە و بووە بەرجەستەکاری خواست و ویستی جەماوەر و بە رێگایەکی شەرعی و دەستووری و یاساییانە جێبەجێکرا.

بێگومان رێگای بە دامەزراوەییکردن و بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە رێگایەکی ئاسان نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفت و قەیران لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی هەرێم و دەرەوە رووبەڕووی ئەو قەوارە سیاسییەی کوردان بوونەوە لە رووی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە، بەڵام بە باوەڕی پتەو و خۆڕاگری و دڵسۆزیی رۆڵەکانی گەلەکەمان وەک شوورەیەکی پتەوی نیشتیمان، پارێزگاری لەو قەوارەیەکرا و بەردەوامی پێدرا، ھەر ئەو پاڵپشتییەی رۆڵەکانی کوردستانە بۆ وڵاتمان کە هەمیشە ئارام و ئاوەدان و پارێزراو و ئاسوودە دەمێنێتەوە.

هاووڵاتییانی بەڕێز..

لەو یادە شکۆمەندەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە و لەسەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی راست و درووستی پارتەکەمان و (سەرۆک مەسعود بارزانی) جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی خۆمان دەکەینەوە بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان یەکگوتار بین بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان و بەرپرسانە بەرژەوەندیی گشتی رەچاو بکەین و، ئەرکی لەپێشینەی هەموولایەک پاراستنی ئەو قەوارەیە و دەستکەوتەکانمان بێت.

لە لایەکی دیکەوە، پێمانوایە هەلومەرجی سیاسیی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕوات بەتایبەتی لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی، بۆیە ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک تەحەدیاتی ئەوتۆ داین کە زیاتر پێویستمان بە هاوئاهەنگی و هاودەنگییە لەسەر ئاستی هەرێم بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی کێشەکان، لەوانەش پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی و ئەو گیروگرفتانەی هاتوونەتە بەردەم پرۆسەکە، تاوەکو جارێکی دیکە کێشە و قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە؛ ھاوکات هەر لەو روانگەیەوەش پشتیوانی خۆمان بۆ هەڵوێست و بڕیارەکانی چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین سەبارەت بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا و دەستووری فیدڕاڵی.

بەو بۆنەیەوە جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین و پێدادەگرین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەردەوام بوون لەسەر کار و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان بۆ داکۆکیکردن لە بنەما راست و دروستەکانی دیموکراسییەت و هەمەرەنگی و هەمەلایەنیی بیروباوەڕی سیاسی و بەرفراوانکردنی پانتایی بەشداریکردنی سیاسی بۆ خزمەتگەیاندن و دابینکردنی مافەکانی خەڵک و چاکترکردنی باری ئابووری و هەلومەرجی بژێوی رۆژانەی ھاووڵاتییانی خۆڕاگر و ئازیزی وڵات.

لە یادی راپەڕینە شکۆدارەکەی(5ی ئادار)سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنەوێنین..

دروود بۆ شەهیدانی راپەڕینە شکۆدارەکەی(5ی ئادار)..

هەر مەزن و شکۆدار بێت یادی راپەڕین.. بەرز و شەکاوەبێ ئاڵای کوردستان.

مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

4ـی ئاداری 2022

 

Top