سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌ڵمانيا و وڵاتانى دۆست ده‌كات

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌ڵمانيا و وڵاتانى دۆست ده‌كات

به‌يانيى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2022/2/19 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ دووه‌م ڕۆژى چالاكييه‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نيلس شميد وته‌بێژى كۆميته‌ى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا، باسيان له‌ دۆخى سياسيى عيراق، پرسى كۆچ و دۆخى كۆچبه‌ران له‌ سنووره‌كانى بيلاڕووسيا، هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى ئه‌ركى هێزه‌ ئه‌ڵمانييه‌كان له‌ عيراق، كرد.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ هاوكاريكردنيان له‌ پرسى كۆچبه‌ران و بۆ درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى ئه‌ركى هێزه‌ ئه‌ڵمانييه‌كان له‌ عيراق، سوپاسى ئه‌ڵمانيا و وڵاتانى دۆستى له‌ ئه‌ورووپا كرد.

ده‌رباره‌ى دۆخى ئاواره‌ ئێزدييه‌كانيش، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتنى ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال جێبه‌جێ بكرێت، ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تێكى باش بۆ سه‌قامگيرى و گه‌ڕانه‌وه‌ى‌ خه‌ڵكى ئێزدى بۆ شوێنه‌كانيان.

هه‌ردوولا پرسى بره‌ودانيان به‌ ديموكراسى و بنياتنانى دامه‌زراوه‌كان و به‌هێزكردنيان له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و هاوڕا بوون كه‌ ئه‌ڵمانيا و وڵاتانى دۆست ده‌توانن له‌مباره‌وه‌ هاوكار و يارمه‌تيده‌ر بن.
 

Top