تاڵیبان ( 3 ) هەزار لیتر خواردنەوەی کحولی لە ناو برد
بەوتەی دەزگا هەواڵگریی تاڵیبان سێ هەزار لیتر خواردنەوەی كحولی قاچاغ دۆزراوەتەوە و دواتر لە جۆگەیەکدا لە شاری کابول لە ناوبراوە، دەشڵێن: ئەم هەنگاوە بەئامانجی ڕێگرتنە لەکڕین و فرۆشتنی شەراب.
ڕۆژی یەکشەممە 2ی کانوونی دووەم، دەزگای هەواڵگریی تاڵیبان ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هێزە تایبەتەکانی ڕژێم لە جۆگەیەکدا شلەمەنی بەتاڵ دەکەن.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، كە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە گەڕەکێکی کابول سێ هەزار لیتر خواردنەوەی کحول دەستی بەسەردا گیراوە و سێ کەسیش بە تۆمەتی فرۆشتنی شەراب دەستگیرکراون.
بەرپرسێکی هەواڵگریش گوتی: دەبێت موسڵمانان بەڕاستی خۆیان لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی کحول بەدوور بگرن، فرۆشتنی کحول تەنانەت لە ڕژێمی پێشووی ئەفغانستانیش ڕێگەپێدراو نەبوو، ئێستا تاڵیبان لەسەر ئەم کێشەیە ڕێوشوێنی توندی گرتۆتەبەر و تەنانەت دەستیان کردووە بە گەڕان و پشكنین.
گوڵان: سەردار خەلیل