بنەماڵەکانی پەنابەرانی کوردی ئێران لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران مان دەگرن

بنەماڵەکانی پەنابەرانی کوردی ئێران لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران مان دەگرن

 

بەپێی هەواڵێك كە ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە، چەند مانگ پێش ئێستا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە هەنگاو و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایانگەیاندبوو کە 9 پەنابەری کوردی ئێران لە دەوروبەری شاری ئەستەنبوڵ لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراون و پاش چەند ڕۆژێک لە دەستبەرسەربوونیان، تورکیا دیپۆرتی کردنەوە بۆ باکووری سوریا.

 

ئەو کەسەی کە بڕیار بووە پەنابەرەکان لە تورکیاوە بگوازێتەوە بۆ وڵاتی ئیتالیا، چەند مانگ پێش ئیستا لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکای بەشی فارسی گوتبووی کە هەر نۆ پەنابەرەکە گوازراونەتەوە بۆ کەمپێک لە شاری عەزاز-ی سوریا و دراونەتە دەستی هێزەکانی سوپای ئازادی سوریا کە نزیکن لە حکومەتی تورکیا.

 

هاوكات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن خێزانی ئەو پەنابەرانە لەم هەفتەیەدا لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لەتاران کۆبوونەتەوە و داوایانکردوە کە حکومەتی تورکیا بەدوای چارەنووسی منداڵەکانیان بکەوێت و دەشڵێن بەڵام تاوەکو ئیستا بەرپرسانی تورکیا ئامادە نەبوون وەڵامی خێزانی ئەو 9 پەنابەرە بدەنەوە و تەنها توانیویانە نامەیەکی فەرمی پێشکەشی ئەو باڵوێزخانەیە بکەن کە تاوەکو ئیستا وەڵامی نامەکەشیان نەدراوەتەوە.

Top