تورکیا تا ساڵی 2023 نزیكەی " 300 " هەزار قوتابی بیانی ڕادەکێشێت
عارفان گوندوز سەرۆکی ئەنجومەنی پەروەردەی ڕێکخراوی پەیوەندییە ئابوورییەكانی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: کە تورکیا بەنیازە تا ساڵی 2023 ژمارەی قوتابیانی دەوڵەتان بۆ 300 هەزار قوتابی زیاد بکات.
ئەو بە ئاژانسی هەواڵی ئانادۆلی گوت: تورکیا تێچووی پەروەردەیی کەمترە لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا، ئامانجی ئەنجومەنی پەروەردەی ڕێکخراوی ئابووریی نێودەوڵەتیی تورکیا، دیپلۆماسیەتیی خوێندنی باڵا و هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان دامەزراوەکان و ڕێکخراوە گشتییەکانە.
لەم بارەیەوە گوتی: بە نیازین تورکیا بکەینە ناوەندێک بۆ وەرگرتنی قوتابیانی دەوڵەتان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.
ڕاشیگەیاند: بۆ قوتابیانی دەوڵەتان نزیکەی 60 هەزار بەرنامەی جیاواز لە 207 زانکۆی تورکیا دەرفەتی خوێندن پێشکەش دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەی قوتابیانی بیانی لەم وڵاتە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا لە 48 هەزار قوتابی بۆ 224 هەزار زیادی کردووە و تا ساڵی 2023 دەگاتە 300 هەزار قوتابی.
گوڵان: سەردار خەلیل