عێراق لە هەوڵی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی کارەبای هەرێمی کوردستانە
وەزیری کارەبای عێڕاق، عادل کەریم گەیشتە هەولێر و لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی کارەبا، ڕۆڵی وەزارەتی کارەبای هەرێمی لەبواری بەرهەمهێنان و سوود وەرگرتن لە گازی بەفیڕۆچوو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەنجامدانی پرۆژەکانی گواستنەوەی کارەبا گرنگ نرخاند.
عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پرۆژەی پێوەری زیرەک، رۆڵی کەرتی تایبەت لە بواری کارەبا، بەکارهێنانی گازی بەفیڕۆچوو کێڵگە نەوتییەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بەهێزکردنی تۆڕی کارەبای نێوان هەرێم و عێراق شاندی پایەبەرز دەنێرێتە هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا پۆختەیەک سەبارەت بە کەرتی کارەبای هەرێم خستەڕوو، ئامادەیی هەرێمیشی بۆ هاوکاریکردنی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تواناکانی پیشاندا بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کوردستان و عێراق سوودمەند بن.
باسیشیان لە پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 400 کەی ڤی لە تورکیاوە بۆ کوردستان و عێراق کرد کە لە تەواوبوون دایە.
وەزیری کارەبای عێراق بۆ سەردانکردنی بەغدا بانگهێشتی وەزیری کارەبای هەرێمی کرد و بۆ دابینکردنی کارەباش بۆ ناوچەکانی مادەی 140 سوپاسی کرد.
باسیان لە دامەزراندنی وێستگەی کارەبای شێخان کرد کە بودجەکەی لەلایەن عێراقەوە دیاریکراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. بڕیاریاندا کەشفی بۆ بکرێت و دواتر دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت. هەروەها باس لە قەزای بەردەڕەش و چەندین قەزا و ناوچەی دیکەی هاوشێوە کرا.
هەر لەم دیدارەدا بڕیار درا وەزارەتی کارەبای هەرێم بەشداری لە خول و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان بکات.