رۆژنامەیەکی بەریتانی: ئیسرائیل پێگەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق بۆردومان دەکات
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، ئیسرائیل بازنەی هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران فراوان کردووە؛ مانگی رابردووش، فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە دووجار هێرشییان کردووەتە سەر میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە عێراق.
هێرشی یەکەمییان بۆ سەر بنکەیەکی سەربە رێکخراوی بەدر بووە، لە ناوچەی ئامرلی، سەربە پارێزگای سەڵاحەدین، کە ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارانی سەربە کەتائیبی حزبوڵای عێراقی تێدابووە.
هێرشی دووەمیشییان بۆ سەر سەربازگەی ئەشرەف لە باکووری بەغدا ئەنجامدراوە و زیاتر لە 40 پاسداری ئێرانی و چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون.
ئیسرائیل چەند جارێک ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، هێرشدەکاتە سەر هەر پێگەیەکی ئێران لە ناوچەکە کە مەترسی بۆ ئیسرائیل دروست بکات، چەند جارێکیش، هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە سووریا ئەنجام داوە.
K24