حەشدی شەعبی رێگری لە سوپای عێراق دەکات بچێتە ناو مووسڵ

حەشدی شەعبی رێگری لە سوپای عێراق دەکات بچێتە ناو مووسڵ
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رێگری لە هێزێکی سوپای عێراق دەکەن بچێتە ناو شاری مووسڵ.

بەهۆی ئەوەی بڕیاری دەرکردنیان لەناو شاری مووسڵ دراوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 5-8-2019، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە بازگەی بەرتللە لە دەشتی نەینەوا گردبوونەوەیەکیان ساز کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری داوە تا 24 کاتژمێر، حەشدی شەعبی بارەگاکانی لە دەشتی نەینەوا دابخات.

میلیشیاکان رێگای سەرەکیی نێوان هەولێر و مووسڵیان داخستووە و هاتوچۆی هاووڵاتییانیان راگرتووە.

هێزێکی سوپای عێراق بە مەبەستی کردنەوەی رێگاکە و کۆتایی هێنان بە گردبوونەوەکە، چوونەتە ناوچەکە، بەڵام حەشدی شەعبی، کە ژمارەیەکیان بە جلی مەدەنی وەک هاووڵاتی بۆ پشتگیریی حەشد لەوێ بوون، بە سووتاندنی تایە و دانیشتن لەسەر شەقام، رێگرییان لەو هێزەی سوپای عێراق کردووە.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.












باسنيوز
Top