حەشدی شەعبی: بارەگاکانمان لە شارەکان داخست
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بنکە و بارەگاکانی لە شارەکانی عێراق دادەخات و بەرپرسێکی باڵاش پەیامێک دەنێرێت.
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، هەموو بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، کە لەژێر ناوی بازرگانی و ناسەربازی کرابوونەوە، داخراون.
فالح فەیاز پەیامێکی بۆ عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ناردووە و تێیدا رایگەیاندووە، داخستنی بارەگاکان بە فەرمانی عەبدولمەهدی بووە.
لەسەرەتای ئەم مانگەدا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق مەرسومێکی دەرکرد و تێیدا ماوەی مانگێک مۆڵەتی بەو گرووپە چەکدارییانە داوە، کە خۆیان وەک حەشدی شەعبی دەناسێنن و تا ئێستا نەچوونەتە پاڵ ئەو میلیشیایانە، واز لە چەکداری بهێنن و دەست بە کاری سیاسی بکەن یان ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوە.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز