چەند نهێنییەکی مەترسیدار لەبارەی گیراوەکانی شاری مووسل لە گرتووخانەکانی ئەو شارە، ئاسکرا دەبێت.
هەمزە: باوکم لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کرا
هەمزە، گەنجێکی مووسڵە و رایگەیاندووە، بەشار ئەلعەبادیی باوکی، کە تەمەنی 50 ساڵە، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ فەرماندەیەکی سوپای عێراق هەبوو، کە خزمی خۆیەتی و ئەو خزمەشی ”تۆمەتی هاوکاریکردنی دارایی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی داوەتە پاڵ و دەستگیر کراوە“.
هەمزە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە باوکی لە مانگی 9ـی 2018ـەوە لە بنکەی گیراوانی فەیسەلییە دەستگیر کراوە و تا ئێستا رێگا بە سەردانیکردنی نەدراوە.
سەلوان: سامری برام لەگەڵ ئەفسەرێک بوو بە دەمەقاڵێی و بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کرا
سەلوان بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، دوای دزرانی بڕێک پارە لە ماڵەکەماندا، ئەفسەرێک بە پلەی رائید لە فیرقەی شەشەمی سوپای عێراق هاتە ماڵمان و دەمەقاڵێ لەنێوان سامر (تەمەن 39 ساڵ) و ئەفسەرەکە دروست بوو.
هەروەک سەلون رایگەیاندووە، دوو ساڵە سامر بەهۆی ئەو دەمەقاڵێیەوە تۆمەتی تیرۆری دراوەتە پاڵ و تا ئێستا کەس نەیبینیوە، ”بەڵام دەڵێن لە گرتووخانەی تلکێف زیندانی کراوە“.
شێروان دووپردانی، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاندووە، زیاتر لە شەش هەزار کەس لە گرتووخانەکانیی مووسڵ زیندانی کراون، کە سەدانیان ژن و منداڵن و بارودۆخیان زۆر خراپە
باسنيوز