فارس بریفكانی ئەندامی لیژنەی تەندروستی: لە عێراق یاسای جگەرەکێشان و هاوردەکردنی هەمواردەکرێتەوە
فارس بریفكانی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لەبەردەستدایە كە لە خولی رابردوودا پەسندكرا، بەڵام بەنیازن هەمواری بكەنەوە و بابەتی جگەرەكێشانیش بگرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "یاساكەی ئێستا تایبەتە بە ماددە هۆشبەرەكان و هەموو ئەو ماددانەی كاریگەرییان لەسەر هۆشی مرۆڤ هەیە. یەكێك لەو ماددانەی دەمانەوێت لە یاساكە زیادی بكەین، جگەرەكێشان و ئالودەبوونی ئەلیكترۆنییە. بۆ ئەم مەبەستە بەنیازین رێژەی باج لەسەر ئەو ماددانە زیادبكەین. داهاتەكەش بۆ بیمەی تەندروستی بەكاربهێندرێتەوە".
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق دەڵێت، یاساکەی ساڵی 2012 پێویستی بە هەموارکردنەوەیە. سامر حلفی دەڵێت "یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2012 بۆ بەرەنگاربوونەوەی جگەرە كێشان بەس نییە. وەزارەتی تەندروستی پێداچوونەوەی بە یاساكەدا كردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی كە دەبێ هەمواربكرێتەوە. هەمواركردنەوەكەش زیادكردنی باج لەسەر بەرهەمەكانی تووتن لەخۆدەگرێت".
سامر حلفی گوتیشی "لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر سەپاندنی 500 دینار بۆ هەر پاكەتێك جگەرە رێككەوتووین، جگە لە قەدەخەكردنی رێكلامكردن بۆ تووتن و بەرهەمەكانی. بڕی ئەو پارەیەی لە رێگەی دانانی باج لەسەر بەرهەمەكانی تووتن كۆدەكرێتەوە ساڵانە دەگاتە 121 ملیۆن دۆلار و بۆ هاوكاریكردنی بەرنامەی تەندروستی بەكاردەهێندرێت".
رووداو