عەبدولمەهدی بڕیاریکی توند لە دژی هێزێکی چەکداری دەدات

 عەبدولمەهدی بڕیاریکی توند لە دژی هێزێکی چەکداری دەدات


سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارێکی توند لە دژی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەدات.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق مەرسومێکی دەرکردووە و تێیدا دووبارە پەیکەربەندیی حەشدی شەعبی داڕشتووەتەوە.

عادل عەبدولمەهدی ماوەی مانگێک مۆڵەتی بەو گرووپە چەکدارییانە داوە، کە خۆیان وەک حەشدی شەعبی دەناسێنن و تا ئێستا نەچوونەتە پاڵ ئەو میلیشیایانە، واز لە چەکداری بهێنن و دەست بە کاری سیاسی بکەن یان ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوە.

لە مەرسومەکەدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دووبارە ئەو میلیشیایانەی پابەند کردووە بە فەرمان وەرگرتن لە فەرماندەی گشتی نەک ئەو سەرکردە و کەسانەی سەرۆکایەتیی میلیشیاکان دەکەن.

لە خاڵێکی دیکەی مەرسومەکەیدا، عەبدولمەهدی فەرمانی بە داخستنی هەموو بارەگاکانی حەشدی شەعبی کردووە جگە لە سەربازگەکانی تایبەت بەو میلیشیایانە.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.










باسنیوز
Top