تورکیا بۆ عێراق: بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکانمان
ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە شاری ئەنقەرە بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کراوە
بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی فەرمی تورکیا، حامی ئاکسۆی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندوە، حیسام محەمەد، ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە شاری ئەنقەرە بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە شاری ئەنقەرە وتوە، "تورکیا بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە دەرەوەی سنور".
لەبارەی بانگەشەی ھەبونی زیانی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکە، بە ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق وتراوە کە گشت ئەو لێدوانانەی دراون جێگەی قبوڵ نییە
حامی ئاکسۆی رایگەیاندوە، "لەبارەی بانگەشەی ھەبونی زیانی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکە، بە ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق وتراوە کە گشت ئەو لێدوانانەی دراون جێگەی قبوڵ نییە، لەکاتێکدا کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانەکانیاندا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەکە، پەکەکەیان بە بەرپرسیار گرتوە، لێدوانی عێراق لەمبارەیەوە بێ ناوھێنانی پەکەکە لەگەڵ ئەو ژینگە ئەرێنییەی پەیوەندییەکانمان یەک ناگرێتەوە".
هەفتەی رابردو فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی کرد و بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی سیڤیل شەهیدبون و پێنج هاوڵاتی دیکەش برینداربون.
بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانوی بونی بارەگاکانی پەکەکە-یە
بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانوی بونی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە کە زیاتر لە سێ دەیەیە لەگەڵیدا لە جەنگدایە.
دوای دو ساڵ لە ئاگربەستی نێوان توركیا و PKK، هاوینی 2015 شەڕ دەستیپێكردەوە
دوای دو ساڵ لە ئاگربەستی نێوان توركیا و PKK، هاوینی 2015 شەڕ دەستیپێكردەوەو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەستیانكردەوە بە بۆردومانی ئاسمانی بنكەو بارەگاكانی پەكەكەو لەوكاتەوە شەڕو و ڕوبەڕونەوەی نێوانیان بەردەوامە.
دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ، توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە زۆربەی ناوچەكانی باكوری كوردستان دەستپێكردو تا ئێستاش ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامن.
خەندان