حکوومەتی عێراق توانای پاراستنی باڵیۆزخانەکانی نییە

  حکوومەتی عێراق توانای پاراستنی باڵیۆزخانەکانی نییە


گرووپە چەکدارییە توندڕەوە تائیفی و تیرۆریستییەکان، بەردەوام هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەکان لە بەغدای پایتەختی عێراق و حکوومەتیش توانای پاراستنیانی نییە.

دوایین هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان لە بەغدا، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی بەحرێن بوو لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 27-6-2019.

پێش هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی بەحرێن، بە مووشەک بارەگای کۆمپانیای نەوتیی ئیکسۆن مۆبیل لە سنووری بەسرە کرایە ئامانج و بەهۆیەوەش ئەو کۆمپانیایە دەیان کارمەندی خۆی لە عێراق کێشایەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، کە گەورەترین باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەیە لە جیهان، پشکی شێری لە هێرشە تیرۆریستییەکان بەر کەوتووە و بەردەوام بە مووشەک دەکرێتە ئامانج و دوایین هێرش، کە کرایە سەر باڵیۆزخانەکە، هێرشێکی مووشەکی بوو لە 16-5-2019.

یەکەم هێرشی تیرۆریستی تەقینەوەیەک بوو لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا، کە لە 19-8-2003 رووی دا و بووە هۆی کوژرانی 22 کەس، کە سیرجیۆ دیمیللۆ، نوێنەری کۆفی عەنان، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێو کوژراوەکادا بوو، جگە لە برینداربوونی 100 کەسی دیکە.

هەرچەندە زۆرینەی نوێنەرایەتیی و باڵیۆزخانەکان لە ناوچەی سەوزی بەغدان، کە ناوچەیەکی تەواو ئەمنییە و جگە لە باڵیۆزخانەکان زۆرینەی وەزارەتەکانی حکوومەتی عێراقیش لەوێن، بەڵام گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوام ئەو باڵیۆزخانانە دەکەنە ئامانج.

دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، دەیان میلیشیای تائیفی، توندڕەو و تیرۆریستی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق دروست بوون، کە هەریەکەیان بەپێی بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەی پشتگیرییان دەکەن، کردەی تاوانکاری و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و هێزە ئەمنییەکانی و سوپای عێراقیش توانای لەناوبردنی ئەو گرووپانەیان نییە.








باسنيوز
Top