فڕۆکەی F35 ی بریتانی لە ئاسمانی دو دەوڵەتی عەرەبی ئەركی ئەنجامدا

 فڕۆکەی F35 ی بریتانی لە ئاسمانی دو دەوڵەتی عەرەبی ئەركی ئەنجامدا
فڕۆكەكانی F35ی بریتانی كە لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەرهەمهێنراون، لە یەكەمین ئەركیاندا و بە مەبەستی خزمەتكردنی بەرگری ئاسمانی بریتانی، بەسەر ئاسمانی وڵاتانی عێراق و سوریادا فڕین.

تۆری هەواڵی سكای نیوز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆكە نوێیەكانی بریتانیا لە جۆری F35 لەگەڵ فڕۆكەیەكی جۆری تایفۆن، بە مەبەستی دیاریكردنی پێگەی پاشماوەكانی داعش و بەئامانجگرتنیان، چونەتە ئاسمانی هەریەك لە وڵاتانی عێراق و سوریا.

بۆ شانشینی یەكگرتوی بریتانیا، ئەو هەنگاوە زۆر گرنگە، فڕۆكەی F35 پێشكەوتوترین جۆری فڕۆكەیە كە وڵاتەكەمان بەدەستی هێناوە


لەوبارەیەوە، بێنی مۆردۆنت، وەزیری بەرگری بریتانیا رایگەیاندوە، "بۆ شانشینی یەكگرتوی بریتانیا، ئەو هەنگاوە زۆر گرنگە، فڕۆكەی F35 پێشكەوتوترین جۆری فڕۆكەیە كە وڵاتەكەمان بەدەستی هێناوە و و بۆ چەند ساڵی داهاتو دەبێتە بڕبرەی پشتی هێزی بەرگری بریتانیا".

بەپێی سەرچاوە هەواڵیەكانی بریتانیا، پێشتر لە یەكەمین ئەركیاندا، فڕۆكەكانی F35ی بریتانیا لە 16ی حوزەیرانی ئەمساڵدا 12 فڕینی ئاسمانی ئەنجامداوە، بەڵام ئەوە بۆ یەكەمینجارە بچنە ئاسمانی وڵاتانی عەرەبی.

تیمەكانی ئەو فڕۆكانە راهێنانی پێویستیان وەرگرتوە و بەوهۆیەوە باشتر بو برۆنە قۆناغی دواتر


هاوكات جەستن رۆیتەر، فەرماندەی هێزی ئاسمانی بریتانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندوە، "تیمەكانی ئەو فڕۆكانە راهێنانی پێویستیان وەرگرتوە و بەوهۆیەوە باشتر بو برۆنە قۆناغی دواتر".

حكومەتی لەندەن دەڵێت، "وڵاتەكە لە ئازادكردنی روبەرێكی بەرفراوانی ئەو زەویانی لە سوریا و عێراق لەژێر دەستی داعشدابون رۆڵێكی گرنگ و گەورەی هەبوە".

ئاماژەی بەوەشكردوە، "بڵاوكردنەوەی فڕۆكە نوێیەكان لەو ناوچانە بە مەبەستی شكستهێنان و نەهێشتنی پاشماوەكانی داعش-ە لە سوریا و عێراق".





خەندان
Top