حکوومەتی عێراق وەزارەتێک زیاد دەکات

 حکوومەتی عێراق وەزارەتێک زیاد دەکات


حکوومەتی عێراق بە مەبەستی ھاوتاکردنی مووچەی شەھیدانی ھەرێمی کوردستان و عێراق، وەزارەتی کاروباری شەهیدان دادەمەزرێنێت.



بەپێ زانیارییەکان لیژنەی کاروباری شەھیدان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتێکی ئامادە کردووە بۆ پێکھێنانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان لە چوارچێوەی حکوومەتی عێراقدا.



ناوەرۆکی ئەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دەکات مووچە و ئیمتیازاتی سەرجەم کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دەخرێتە سەر ئەم وەزارەتە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.



سەوسەن محەمەد میرخان، سەرۆکی لیژنەی کاروباری شەھیدان لە پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەوە راگەیاند: "ئەو وەزارەتە دەبێتە ھۆی بڕینی مووچە و ئیمتیازاتی ژمارەیەک شەھید و کەسوکاری شەھیدانی کوردستان و زیندانیانی سیاسی دەبردرێت، چونکە بەغدا لە ساڵی١٩٦٨ەوە مووچەی شەھیدان ئیمتیازاتەکانی کەسوکاری شەھیدان ھەژمار دەکات، بەڵام ھەرێمی کوردستان مووچەی شەھیدانی ساڵانی ١٩٦٠ خوارتریش ھەژمار دەکات و ئەگەر مووچە و ئیمتیازاتی شەھیدانی ھەرێمی کوردستان و زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر بەغدا، ئەوا مووچە و ئیمتیازاتی بەشێک لە شەھیدانی خوار ساڵانی١٩٦٨ دەبڕدرێت".



پێشتر لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان و دەزگای دامەزراوەی شەهیدانی حکوومەتی عێراق پێکهاتووە بۆ ئەوەی مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر بەغدا، بەڵام حکوومەتی عێراق وەزارەتی شەھیدانی نەبوو و ئەمەش ھۆکار بوو کە نەگەیشتنە رێککەوتن.








باسنیوز
Top