ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا: ئەگەر شەڕ روو بدات، لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، ئەوا دەچنە بەرەی حوسێن و لە دژی بەرەی یەزید

ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا:  ئەگەر شەڕ روو بدات، لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، ئەوا دەچنە بەرەی حوسێن و لە دژی بەرەی یەزید


میلیشیایەکی عێراقی لە شەطی نێوان ئەمریکا و ئێران خۆی یەکلا کردەوە و رایگەیاند، کە ئەمریکا یەزیدە و ئەوان دەچنە بەرەی حوسێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 28-5-2019، ئەبو وەلا ئەلوەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بە (BBC) رایگەیاندووە، عێراق نایەوێ شەڕی ئەمریکا و ئێران روو بدات.

سەرۆکی ئەو میلیشیایە هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر شەڕ روو بدات، ئەوا دەچنە بەرەی حوسێن و لە دژی بەرەی یەزید، شەڕ دەکەن، کە ئەمریکا بە بەرەی یەزید ناو دەبات و ئێرانیش بە بەرەی حوسێن.

ئەبو وەلا ئەلوەلائی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەوان بڕیار لە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران وەردەگرن و ”هەموو شتێکیش دەکەین بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی“.

شیعەمەزهەبەکان، خۆیان بە شوێنکەوتەی حوسێنی کوڕی عەلی، کچەزای پێغەمبەری ئیسلام دەزانن و لە مەزهەبی ئەواندا، یەزیدی کوڕی مەعاویە کەسێکی خراپەکارە، چونکە بە گوتەی خۆیان، حوسێنی کوڕی عەلی بە فەرمانی یەزید گیانی لەدەست داوە.

ئەو لێدوانەی ئەو سەرکردە شیعەمەزهەبە هاوکاتە لەگەڵ توندبوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەمریکاش ژمارەیەکی زۆر سەربازی ناردووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا.





باسنيوز
Top