عێراق لە لایەنگریی بۆ شەڕی ئەمریکا و ئێران خۆی یەکلا کردەوە

عێراق لە لایەنگریی بۆ شەڕی ئەمریکا و ئێران خۆی یەکلا کردەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق لە لایەنگریی بۆ هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا، هەڵوێستی وڵاتەکەی یەکلا کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 26-5-2019، محەمەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پرێس کۆنفڕانسێکی لەگەڵ محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی عێراق ساز کرد.

محەمەد حەکیم دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ سزاکانی سەر ئێران راگەیاند و گوتی، ”ئێمە لەگەڵ ئێران داین و ئەوەش بە روونی و راشکاوی رادەگەیەنین“.

وەزیری دەرەوەی عێراق ویستی وڵاتەکەی بۆ کارکردنی هاوبەش و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران نیشان دا و رایگەیاند، ”جەخت لە پتەوکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لە گشت بوارەکان دەکەینەوە“.

چەند هەفتەیەکە بارودۆخی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر ئاڵۆز بووە و ئەمریکا دەیان هەزار سەربازی لە عێراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و کەشتیگەلێکی گەورەی سەربازیشی ناردووەتە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا.










باسنيوز
Top