نوری: رێگانادەین عێراق بۆ دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکار بهێنرێت و پاڵپشتی ئێران دەكەین
سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا هۆشداریی دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، کە رێگانادەن عێراق بۆ دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکار بهێنرێت.
نوری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا لە وتارێکدا بۆ ئەندامانی میلیشیای بەدر، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، رایگەیاندووە، ئەوان دژی گەمارۆدانی ئێرانن، چونکە پێیان وایە گەمارۆکان کاریگەرییان لەسەر گەل دەبێت نەک حکوومەت.
نوری مالیکی هۆشداریی داوەتە ئەمریکا و رایگەیاندووە، بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دژایەتیکردنی وڵاتانی دراوسێ ”رەت دەکەینەوە“.
سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بەجۆرێک لە جۆرەکان پاڵپشتیی بۆ ئێران دەردەبڕێت و رایگەیاندووە، ”ئێران شەڕی ناوێ، بەڵام مافی خۆیەتی بەرگریی لە دەستکەوتەکانی بکات“
ئەو لێدوانەی نوری مالیکی هاوکاتە لەگەڵ توندربوونی ناکۆکییەکانی واشنتن و تاران و ئەمریکا دەیان هەزار سەربازی لە عێراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و کەشتیگەلی گەورەی سەربازیشی ناردووەتە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا.
باسنیوز