قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی میلیشیایی عەسائیب ئەھلولحەق: شەڕی ئێرانی دۆستمان لەگەڵ ئەمەریكا، تەنیا لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە و ئامانجیش لێی زیان گەیاندنە بە بەرژەوەندییەكانی عێراق
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەھلولحەق، لە تویتێكدا رایگەیاند "ئەو شەڕە سەپێندراوەی باسی لێوە دەكرێت، لە بەرژەوەندی ئێران و ئەمەریكا نییە، تەنیا لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە لەپێناو دەستكەوت و ھۆكاری عەقیدەیی".
راشیگەیاند: "ئەگەر ئەو جەنگە ھەڵگیرسا، ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندییەكانی عێراق لە ھەموو ئاستەكانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی".
پێشتریش موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاندبوو: "عێراق ناتوانێت بەرگەی ئەو شەڕە بگرێت، ئەگەر عێراقییەكان بە یەكدەنگی شەڕ رەتنەكەنەوە، ئەو شەڕە دەبێتە كۆتایی عێراق و ھەر لایەنێكیش ھەوڵبدات عێراق بباتە نێو ئەو جەنگە و بیكاتە گۆڕەپانی شەڕ، دەبێتە دوژمنی عێراقییەكان".
K24 -