عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق خه‌ڵك له‌ دژی ئه‌مه‌ریكییه‌كان هانده‌دات

عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق خه‌ڵك له‌ دژی ئه‌مه‌ریكییه‌كان هانده‌دات
له‌یس عه‌زاری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق ده‌ڵێت: "مانه‌وه‌ی هه‌ر هێزێكی بیانی له‌ عێراق داگیركارییه‌ و مافی هه‌ر هاووڵاتییه‌كه‌ دژیان بجه‌نگێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی عه‌سائیب له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتوویه‌تی: "حه‌شدی شه‌عبی په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵوێستی حكوومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك كوتله‌ سیاسییه‌كان هه‌ڵوێستمان روونه‌ و دژی به‌كارهێنانی خاكی عێراقین له‌ به‌ئامانجكردنی وڵاتانی دراوسێ".

عه‌زاری ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی ئێستا پێویسته‌ ده‌ركردنی یاسایه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ئێمه‌ به‌ته‌واوه‌تی دژی ئه‌وه‌ین له‌ خاكی عێراقه‌وه‌ په‌لاماری هیچ وڵاتێكی دراوسێ بدرێت".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "مانه‌وه‌ی هه‌ر هێزێكی بیانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ یاساییه‌كاندا، وه‌ك داگیركاریی وایه‌ و مافی هه‌ر هاووڵاتییه‌كه‌ دژیان بجه‌نگێت نه‌ك ته‌نها گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و ده‌بێت هه‌موو رێگایه‌ك دژیان بگیرێته‌به‌ر".

عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق به‌ گرووپێكی چه‌كداری نزیك له‌ ئێران ناسراوه‌ و ئه‌مه‌ریكا له‌ لیستی تیرۆردا هه‌ژماری ده‌كات، پێشتریش پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی دیبكا كه‌ له‌ هه‌واڵگریی ئیسرائیله‌وه‌ نزیكه‌، له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌وڵگریی ئیسرائیله‌وه‌ بڵاویكردبوه‌وه‌ كه‌ "جووڵه‌ی ئێستای هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، په‌یوه‌ندی به‌و هه‌ڕه‌شانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ ئێران له‌ عێراق دروستیان كردووه‌، به‌تایبه‌تی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق به‌ پاڵپشتیی ئێران پلانی بۆ په‌لاماردانی بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ ته‌نه‌فی سووریا داڕشتووه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌كرابوو كه‌ ئێران، مووشه‌كی بالیستی فاتح و زولفه‌قاری داوه‌ به‌و گرووپانه‌ و ئه‌گه‌ر پلانی هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌كه‌ی ته‌نه‌ف شكستیهێنا یان هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، په‌لاماری بنكه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ بده‌ن.







K24 -
Top