عێراق هەوڵی دروستکردنی مانگی دەستکرد دەدات

 عێراق هەوڵی دروستکردنی مانگی دەستکرد دەدات
حکوومەتی عێراق هەوڵی دروستکردنی مانگی دەستکرد دەدات و بڕە پارەیەک وەک قەرز لە فەرەنسا دەکات.

ئەمیر کینانی، بریکاری وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی رایگەیاندووە، حکوومەتی وڵاتەکەی بڕێک پارەی لە فەرەنسا قەرز کردووە بۆ بونیادنانەوەی ئاژانسی گەردونناسی و دروستکردنی مانگی دەستکرد.

ئەمیر کینانی هەروەها رایگەیاندووە، کە لەگەڵ کۆمپانیای (ئێیرباس)ی فەرەنسی گرێبەستێکیان واژۆ کردووە بۆ دروستکردنی مانگی دەستکرد.

بریکاری وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دروستکردنی مانگی دەستکردی عێراقی خزمەتی باری ئەمنی، ئابووری، پیشەسازی، کشتوکاڵی و سەربازیی وڵاتەکەی دەکات.

ئەو لێدوانەی ئەمیر کینانی لەکاتێک دایە، کە حکوومەتی وڵاتەکەی تا ئێستا نەیتوانیوە ئاوی خواردنەوە و کارەبا بۆ خەڵکی زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق بەتایبەت بەسرە، کە شادەماری ئابووریی عێراقە، دابین کردووە.




باسنیوز
Top