ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌كاری دەكات بۆ ناردنی 120 هه‌زار سه‌رباز بۆ عێراق

ئه‌مه‌ریكا  ئاماده‌كاری دەكات بۆ ناردنی 120 هه‌زار سه‌رباز بۆ عێراق
رۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز)ـی ئه‌مه‌ریكی له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن" پلانێكی سه‌ربازی گه‌شه‌پێده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی 120 هه‌زار سه‌رباز ره‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات، ئه‌گه‌ر ئێران هێرشی كرده‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا یان ده‌ستی به‌ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی كرده‌ووه‌".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14/5/2019، رۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی كۆشكی سپی كه‌ ناوی نه‌هێناون نوسیوویه‌تی: "پاتریك شاناهان، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا به‌ وه‌كاله‌ت، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو ئه‌و پلانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ یاریده‌ده‌رانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا خستووه‌ته‌ڕوو".

نیویۆرك تایمز ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ "ئه‌و پلانه‌ له‌سه‌ر داخوازی جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا داڕێژراوه‌، به‌ڵام له‌ سیناریۆكانی ناویدا ھێرشی زه‌مینی دژی ئێران تێدا نییه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێت كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ بكات، پێویستی به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر زیاتری سه‌رباز ده‌بێت".

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رۆژی دووشه‌ممه‌ هۆشدارییه‌كی توندی دایه‌وه‌ ئێران و گووتی: "ئه‌گه‌ر ئێران هه‌ر هه‌نگاوێك له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بنێت، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات".







K24
Top