عێراق دەبێتە قوربانیی یەكەمی شەڕی ئەمریكا و ئێران
ئاژانسی هەواڵی (سپۆتنیك)ی رووسی بۆچوونی عەلی تەمیمی توێژەری یاسای نێودەوڵەتی لەسەر توندبوونی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران گواستووەتەوە، تیایدا تەمیمی راشكاوانە دەڵێ عێراق زیانمەندێكی گەورەی ئەم شەڕە دەبێت.
تەمیمی ئاماژەی بە كاریگەرییەكانی لە ئێستەوەی ئەم گرژییە كردووە و هۆشدارییەكەی دوێنێ شەوی باڵیۆزخانەی ئەمریكای لە بەغدای وەبیر هێناوەتەوە كە داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریكا كرد بە هیچ شێوەیەك سەردانی عێراق نەكەن و ئیتر ئەم وڵاتە سەلامەت نیە.
توێژەرە عێراقیەكە دەڵێ هۆشدارییەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، تەنها بە هۆی گرژبوونەوەی پەیوەندییەكانی واشنتن و تارانە، بە تایبەتی دوای هاتنی كەشتیە فڕۆكەهەڵگرەكانی ئەمریكا بۆ ئاوەكانی كەنداو و بەرزبوونەوەی ئاستی هەڕەشەكانی هەڵگیرسانی شەڕی سەربازی.
تەمیمی ئاماژەش بەوە دەدات كە هۆشدارییەكی دوێنێی ئەمریكا بە مانای ئەوە دێت ئێران دەستێكی باڵای لەنێو عێراقدا هەیە و هەركات بیەوێ دەتوانێ زەبر لە هاووڵاتیانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق بدات، ئەمریكا ئەوەش دەزانێ كە لە ئەگەر هەڵگیرسانی شەڕدا، لایەنگەلێك هەن لەنێو عێراقدا شەڕ بۆ ئێران دەكەن لە دژی ئەمریكا.
توێژەرەكە پێشبینی دەكات شەڕەكەی نێوان واشنتن و تاران راستەوخۆ نەبێت، بەڵكو شوێنێكی وەك عێراق دەكرێتە گۆڕەپانی بەیەكتریدادان، هەروەها پێشبینی دەكات خاكی لوبنانیش بگرێتەوە، لەگەڵ یەمەن و سووریاش.
باسنیوز