ئه‌مه‌ریكا داوا له‌ هاووڵاتیانی ده‌كات سه‌ردانی عێراق نه‌كه‌ن

ئه‌مه‌ریكا داوا له‌ هاووڵاتیانی ده‌كات سه‌ردانی عێراق نه‌كه‌ن
باڵیۆزخانه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گرژییه‌كان له‌ عێراق داوا له‌ هاووڵاتیانی ده‌كات یان سه‌ردانی عێراق نه‌كه‌ن یان هۆشیاربن و چوار خاڵ وه‌ك رێوشوێنی سه‌لامه‌تی په‌یڕه‌و بكه‌ن.

به‌گوێره‌ی بڵاوكراوه‌یه‌كی باڵیۆزخانه‌كه‌ كه‌ رۆژی 12/5/2019 ئاراسته‌ی هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكا كراوه‌، داوایان لێده‌كات بۆ پارێزگاریكردن له‌ خۆیان ره‌چاوی ئه‌م چوار خاڵه‌ بكه‌ن.

1- گه‌شت بۆ عێراق نه‌كه‌ن.

2- خۆیان له‌و شوێنانه‌ دوورخه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ ناوچه‌ی گردبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ناسراون.

3- ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا نه‌كه‌ن.

4- ئاگاداری خۆیان و ده‌وروبه‌ریانبن.

هه‌روه‌ها داوا له‌ هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی كراوه‌، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت له‌ كاتی هه‌ر رووداوێكی له‌ناكاودا.

به‌هۆی زیادبوونی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و ئه‌و بارودۆخه‌ نوێیه‌ی پاش سزادانی ئێران هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و ناردنی كه‌شتیگه‌لیی جه‌نگی و فڕۆكه‌ی زه‌به‌لاحی B-52 و بڕیاری بڵاوكردنه‌وه‌ی زیاتری سه‌كۆی مووشه‌كی پاتریۆت و باڵاده‌ستی ئێران له‌ عێراق، ئه‌مه‌ریكا مه‌ترسی بۆ دروستبووه‌ هاووڵاتیانی له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ببنه‌ ئامانجی توندوتیژییه‌كان.

به‌گوێره‌ی چه‌ند راپۆرتێكی میدیایی و هه‌واڵگریی، پێده‌چێت عێراق ببێته‌ خاڵی به‌ریه‌ككه‌وتن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان واشنتن و تاران، چونكه‌ به‌شیكی ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن، ئه‌مه‌ریكا له‌ لیستی تیرۆر دایناون و زانیاری ئه‌وه‌ش بڵاوبووه‌ته‌وه‌‌ كه‌ میلیشیاكانی نزیك له‌ ئێران پلان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داده‌ڕێژن.






K24 -
Top