سیستانی: هاووڵاتیانی عێراق لە وڵاتەكەیان بێ هیوا بوون

 سیستانی: هاووڵاتیانی عێراق لە وڵاتەكەیان بێ هیوا بوون
ئەمڕۆ هەینی وتارخوێنێكی پارێزگای كەربەلا لە زاری عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكانی گواستەوە كە بە هۆی خراپی بارودۆخی عێراق و بێ هیوابوونەوە، ڕێژەی خۆكوشتن و تەڵاقدان لە نێو كۆمەڵگەی عێراقیدا بەرز بووەتەوە.


عەبدولمەهدی كەربەلایی وتارخوێنی مزگەوتی شاری كەربەلا كە متمانەپێكراوی سیستانییە لە زاری مەرجەعەكەوە رایگەیاند بەهۆی بێزاری و بێ هیوایی لە بارودۆخی عێراق، ڕێژەی تەڵاق و خۆكوشتن زیادی كردووە، بەڵام پێویستە هاووڵاتیان ڕێگەی واقیعی بۆ چارەسەری كێشەكان بدۆزنەوە، لەبری ئەوەی لە ژیان رابكەن.


لە میانی وتاری نوێژی ئەمڕۆ هەینیدا، كەربەلایی گوتیشی خەڵك بێ هیوا بووە لە داهاتووی عێراق، هەست بە بێزاری دەكەن لە بەرانبەر ئەو باردۆخەی وڵاتەكەی گرتووەتەوە.


دووپاتیشی لەسەر پێویستی چارەسەركردنی ئەو دوو كێشە گەورەیە كردووەتەوە كە ماوەیەكە بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز بووەتەوە و بریتیین لە هەڵوەشانەوەی خێزانەكان و خۆكوشتنی گەنجان.


جێی باسە دۆخی عێراق لە دوای 2003وە، سەرەڕای روخانی ڕژێمی بەعسی سەدامی دیكتاتۆر، رۆژ بە رۆژ لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە بەرەو خراپی دەچێت، لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی وەكو ئاوی خواردنەوە و وزەی كارەباش دابین نەكراوە، ئەمەش سەرباری ئەوەی ساڵانە بودجەیەكی گەورەی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەكە تەرخان دەكرێ.








باسنیوز
Top